لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا ژمارەیەک زیارەتکاری هیندی و پاکستانی بوونە قوربانی

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 21ـی ئابی 2025، لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا ژمارەیەک زیارەتکاری هیندی و پاکستانی بوونە قوربانی.

بەگوتەی سەرچاوەیەکی ئەمنی پارێزگای بەسرە، ئەمڕۆ ڕووداوێکی هاتوچۆ لە ڕێگەی خێرای نزیک سەفوان-بەسرە ڕوویدا، بەهۆیەوە پێنج زیارەتکار گیانیان لەدەستدا و چواری دیکەش بریندار بوون، کە هەموویان هیندی و پاکستانی بوون. ئەمەش لەکاتێکدایە لەکاتی رێوەڕسمی چلەی ئیمام حوسێن، چەندی ڕووداوی هاتوچۆ ڕوویداوە، کە بەهۆیەوە دەیان کەس بوونەتە قوربانی.

یەکشەممە، 17ـی ئابی 2025، سەرچاوەیەک لە پۆلیسی نەینەوا بە میدیاکانی ڕاگەیاند، "لەسەر ڕێگای سەرەکی لە نزیک شارەدێی حەمام عەلیل، ئۆتۆمبێلێک وەرگەڕا و لە ئەنجامدا چوار زیارەتکار گیانیان لەدەستدا کە ئافرەتێک و منداڵێکی تێدایە."

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش دا، "ئەو قوربانیانە دانیشتووی تەلەعفەر بوون، بەشداریان لە ڕێوەڕسمی چلەی ئیمام حوسێن کردووە، بەڵام لەکاتی گەڕانەوەیان بۆ تەلەعفەر ئۆتۆمبێلەکەیان وەردەگەڕێ و هەموویان گیانیان لەدەستدا."

چوارشەممە، 13ـی ئابی 2025،  پاسێکی زیارەتکارانی چلەی ئیمام حوسێن لە ڕێگای خێرای قەزای زوبێر وەرگەڕاوە و دەیان زیارەتکار بوونە قوربانی.

 لەوبارەوە عەقیل فورەیجی، سەرۆکی لیژنەی ئەمنی لە ئەنجوومەنی پارێزگای بەسرە ڕایگەیاند، "بەگوێرەی ئامارە سەرەتاییەکان، لەو ڕووداوەی لە نێوان ناوچەی ڕمێلە و بازگەی سیدرە ڕوویدا، 40 زیارەتکار بریندار بوون و 8 ـی دیکەش گیانیان لەدەستدا."

شەممە، 16ـی ئابی 2025، یوسف گەنناوی، پارێزگاری نەجەف، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، رایگەیاند، زیاتر لە 17 ملیۆن زیارەتکار بۆ بەشداری لە ڕێوڕەسمی چلەی 'ئیمام حوسێن' چوونەتە شارەکە. گوتیشی "ڕێوڕەسمەکە بە شێوەیەکی زۆر ڕێکوپێک و بەبێ هیچ گرفتێک بەڕێوەچوو. کامێرای چاودێری لە تەواوی شارەکەدا دانرابوو بۆ دابینکردنی ئاسایش."

چلەی ئیمام حوسێن، کە لە زمانی عەرەبیدا بە "ئەربعین" ناسراوە و بە واتای "چل" دێت، یەکێکە لە گەورەترین کۆبوونەوە ئایینییەکانی جیهان. ئەم بۆنەیە 40 ڕۆژ دوای عاشورا، واتە ڕۆژی شەهیدبوونی 'ئیمام حوسێن'، نەوەی پێغەمبەر محەمەد (د.خ)، بەڕێوەدەچێت. ئیمام حوسێن و یاوەرەکانی لە ساڵی 680ی زایینی لە شەڕی کەربەلادا شەهید کران.