بۆ جاری دووەم دەنگدانی ئەزموونی بەڕێوەدەچێت
بە مەبەستی تاقیکردنەوەی ئامێرەکان، بۆ جاری دووەم دەنگدانی ئەزموونی لە هەموو پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 21ـی ئابی 2025، لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکاندا بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ جاری دووەم پرۆسەی دەنگدانی ئەزموونی لە هەموو بنکەکانی دەنگدان، لە پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان ئەنجامدا.
ئامانج لەم پرۆسەیە تاقیکردنەوەی ئامێرەکانی دەنگدانە پێش وادەی فەرمی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراقە کە بڕیارە لە 11ی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا بەڕێوەبچێت.
وردەکاریی پرۆسە ئەزموونییەکە
عەلی حوسێن، گوتەبێژی لقی کەرکووکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە لێدوانێکدا بۆ سۆران کامەران، پەیامنێری کوردستان24، ڕایگەیاند، زیاتر لە 500 کەس بەشدارییان لە دەنگدانە ئەزموونییەکە لە سنووری پارێزگاکەیان کردووە. ئاماژەی بەوەشکرد، 45 بنکەی دەنگدان بۆ ئەم مەبەستە کراونەتەوە، یەکێکیان وەک بنکەی دەنگدانی تایبەت لەنێو ئەکادیمیای پۆلیسدایە.
ئامارەکانی دەنگدەران
بەپێی ئامارەکانی کۆمسیۆن، لە پارێزگای کەرکووک ملیۆنێک و 229 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا، عەلی حوسێن ئاشکرای کرد کە تەنها نزیکەی یەک ملیۆن کەس لەو ژمارەیە خاوەنی کارتی بایۆمەتریی دەنگدانن.
نوێکاری لە سیستەمی بایۆمەتری
گوتەبێژی لقی کەرکووکی کۆمسیۆن ڕوونیکردەوە، نوێکاری لە ئامێرەکاندا کراوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی پەنجەمۆر. گوتی: "ئێستا ئامێرەکە نوێکاری بۆ کراوە و هەر کەسێک پەنجەمۆری دەرنەچێت، لە ڕێگەی بایۆمەتری چاوەوە پشتڕاست دەکرێتەوە (ڤێریفای دەکرێت)."
عەلی حوسێن جەختیشی لەوە کردەوە کە سیستەمی مەرەکەبی پەنجە نەماوە، چونکە سیستەمە نوێیەکە بە تەواوی بایۆمەترییە. ئەمەش ڕێگری لە هەر هەوڵێکی ساختەکاری دەگرێت و ناهێڵێت هیچ کەسێک بتوانێت لەبری کەسێکی دیکە دەنگ بدات.