ئەمەریکا بە زەبری پارە کۆچبەران ڕاپێچی وڵاتانی هەژار دەکات

ئەمەریکا دانوستان لەگەڵ 35 وڵاتی جیهان دەکات بۆ ئەوەی کۆچبەرانی نایاسایی دیپۆرتی وڵاتەکانیان بکات، لە بەرانبەردا ئەمەریکا هاوکاریی داراییان دەکات یان فشارە ئابووریەکانیان لەسەر کەم دەکاتەوە. 

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لەسەر جێبەجێکردنی ستراتیجیەکی نوێ کاردەکات، ئەویش لەڕێگەی ئەو ڕێککەوتنانەیە کە شارەزایان بە گوماناوی نانوی دەبەن، لەگەڵ وڵاتانی ئەفریقا و ئەمەریکای لاتین، بۆ ڕەوانەکردنی کۆچبەرانی نایاسایی.

شارەزایانی نێودەوڵەتی باس لەوەدەکەن، ئەم گرێبەستانە کۆچبەران دەکەنە قوربانی، وەک تاکێکی خاوەن ماف سەیریان ناکەن، بەتایبەت کە گواستنەوەی کۆچبەران بۆ وڵاتی سێیەم بەبێ ڕەزامەندی خۆیان پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و مافی مرۆڤە.

بەڵام ئەم ڕێکخستنانە ڕەهەندی سیاسی زیاتریان هەیە نەک یاسایی، بە لەبەرچاوگرتنی نەبوونی بڕگەیەکی ڕوون لە یاسا نێودەوڵەتییەکاندا کە وڵاتێک لە وەرگرتنی کۆچبەرانی وڵاتانی دیکە قەدەغە بکات.

ئیدارەی ترەمپ فشاری زیاتر لە وڵاتانی هەژار دەکات

کەناڵی سی بی ئێس نیوز، بە پشتبەستن بە بەڵگەنامە ناوخۆییەکان ڕایگەیاند، ئیدارەی ترەمپ هەوڵەکانی زیاتر کردووە بۆ ئەو وڵاتانەی کە ڕەنگە ڕازیبن بە وەرگرتنی کۆچبەران، تەنانەت ئەگەر هاووڵاتی ئەو وڵاتانەش نەبن.

دۆناڵد ترەمپ لە دوای دەستبەکاربوونی دەستیکردووە بە جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنەی لە بانگەشەی هەڵبژاردن دابووی، ئەویش دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەرانی بێ تۆمارە، کە هەندێکجار بە "وەحش" و "ئاژەڵ" دەیان چوێنێت.

قۆزتنەوەی وڵاتان

محەممەد عەتیف، لێکۆڵەر لە کاروباری ئەمەریکای لاتین دەڵێت: "واشنتن هەوڵدەدات سوود لە خراپی ئابووریی زۆرێک لە وڵاتانی تازەپێگەیشتووی وەک هیندۆراس و ئۆگەندا وەربگرێت، بۆ ئەنجامدانی ڕێککەوتنەکانی پەیوەست بە کۆچبەرانی نایاسایی."

گوتیشی: زۆربەی ئەو ڕێککەوتنانە لەسەر بنەمای هاوکاریی دارایی یان پاڵپشتیی گەشەپێدان دەبێت، لەبەرانبەر وەرگرتنی ژمارەیەک کۆچبەر کە فەرمانی دیپۆرتکردنەوەیان لە ئەمەریکاوە بۆ دەرچووە. 

محەممەد عەتیف ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەم ڕێککەوتنانە مشتومڕی سیاسی و مرۆیی بەرفراوانی لێدەکەوێتەوە، چونکە گواستنەوەی کۆچبەران بۆ وڵاتانی سێیەم بەبێ ڕەزامەندی خۆیان پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و مافەکانی مرۆڤە. هەروەها ئەو جۆرە مامەڵانە شەرعیەتێکی یاسایییان نییە، لەبەر ئەوەی ڕەزامەندی کۆچبەران وەرنەگیراوە و قۆستنەوەی ئابووری وڵاتانی وەرگریش بەشێکی دیکەی ئەو پێشێلکارییانەیە.

لەم دواییانەدا کەناڵی سی بی ئێس نیوز بڵاوی کردەوە، ئەمەریکا ڕێککەوتنی دیپۆرتکردنەوەی لەگەڵ هیندۆراس و ئۆگەندا کردووە، بەدوای ڕێکەوتنی دیکەدا دەگەڕێت، بۆ ئەوەی کۆچبەرانی نایاسایی دیپۆرتی وڵاتی سێیەم بکاتەوە. بەڵام ئۆگەندا ڕەتیکردەوە هیچ ڕێککەوتنێکی لەگەڵ واشنتن کردبێت.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment