ژمارەیەک ئەندامی داعش لە کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان بە لێبووردنی گشتی ئازاد کراون
فایەق زێدان: دەستبەرداری مافی برا ئێزدییەکانمان نابین

سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق دەڵێت؛ ئەو تاوانانەی داعش بەرانبەر بە هاووڵاتیانی ئێزدی کردوویەتی، تاوانێکی قێزەونن و نابێت هیچ لێبوردنێک تاوانباران بگرێتەوە، بەڵام سەرچاوەیەک بۆ کوردستان24 ئاشکرای کرد، کە ژمارەیەک داعشی تاوانبار بەر لێبووردنی گشتیی کەوتوون و ئازاد کراون.
فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، لە گوتارێکدا لە کۆڕێکی یادی جینۆسایدی ئێزدییەکان لە زانکۆی ئەمەریکی بەغدا، جەختی لە سەروەری یاسا کردەوە و ڕایگەیاند، بە هیچ جۆرێک ئەو کەسانەی ئەو تاوانە قێزەونەیان بەرانبەر برا ئێزدییەکانمان کرد، ڕزگاریان نابێت و ئەو تاوانە نەک تەنیا ویژدانی عێراق، بەڵکوو ویژدانی هەموو جیهانیی هەژاند.
سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق گوتیشی: بە هیچ جۆرێک یاسای لێبووردنی گشتیی ئەو داعشانەی بەشداربوون لە کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان، ناگرێتەوە.
لە بارەی دادگاییکردنی تاوانبارانی کۆمەڵکوژیی هاووڵاتیانی ئێزدی و قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانیان لەلایەن حکوومەتی فیدراڵەوە، سەرچاوەیەک لەنێو کەسایەتییەکانی ئێزدی، کە بەهۆی ئەمنییەوە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند، تا ئێستا عێراق هیچ هەنگاوێکی جددی بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی کۆمەڵکوژییەکە نەناوە و بگرە بەشێکیش لە تۆمەتبارانی تاوانەکە بەر لێبوردنی گشتی کەوتوون.
بە گوتەی سەرچاوەکە، هەنگاوەکانی گەڕاندنەوەی ئەو ئافرەتە ئێزدییانەی کە چارەنووسیان نادیارە زۆر لەسەرخۆیە و ئەو داتا و ئامارانەی دەخرێنەڕوو، زۆربەیان نادروستن و حکوومەتی عێراق تا ئێستا ئەو تاوانەی بەرانبەر ئێزدییەکان کرا، وەک جینۆساید نەناساندووە.
ئەمە لە کاتێکدا لە یاسای ژمارە(8)ی ساڵی 2021 کە تایبەتە بە ئافرەتە ڕزگاربووەکانی ژێردەستی داعش، دەبێت دان بە تاوانی ئێزدییەکان وەکوو تاوانێکی کۆمەڵکوژی بنرێت و هەروەها پارێزگاریی لە ئێزدییەکان بکرێت، هاوکات زیانلێکەوتووانیش قەرەبوو بکرێنەوە و بە هیچ بڕیار و یاسایەک ئەو داعشانەی بەشدارییان لە کۆمەڵکوژییەکەدا کردووە، نابێت بەر لێبوردنی گشتی بکەون.