توركیا 19 ئەندامی دیكەی ھەدەپە لە باكووری كوردستان دەستگیر دەكات

چەند بەرپرسێكی ھەدەپە لەناو گیراوان دان

K24 – ھەولێر

سەر لەبەیانی ئەمڕۆ پێنج شەممە 1/10/2020، ھێزەكانی توركیا لە ئۆپەراسیۆنێكدا لە شاری قەرسی باكووری كوردستان 19 بەڕێوەبەر و ئەندامی پارتی دیموكراتی گەلان (ھەدەپە)یان دەستگیر كرد.

بەگوێرەی میدیاكانی نزیك لە ھەدەپە ھەر یەك لە شەڤین ئالاجا ھاوشارەداری قەرس و جەنگیز ئانلی ھاوسەرۆكی ھەدەپە لە شارەكە لەناو گیراوان دان.

بەگوێرەی زانیارییەكان ئەندام و بەڕێوەبەرانی ھەدەپە بە تۆمەتی ئەندامیێتی لە پەكەكە دەستگیر كراون.

ھەفتەی رابردوو دادگای ئەنقەرە بڕیاری دەستگیركردنی بۆ 82 بەڕێوەبەر و ئەندامی پارتی دیموكراتی گەلان دەركرد، ژمارەیەك ھاوسەرۆكی شارەوانی و سەركردەی ھەدەپە لەناو لیستەكەدان، تائێستا زیاتر 40 كەسیان دەستگیر كراون، ئۆپەراسیۆنی ئەمڕۆی ھێزەكانی توركیاش لە شاری قەرس لەو چوارچێوەیەدا بووە.