گوتەبێژی بانکی ناوەندیی عێراق، لە بارەی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار ڕوونکردنەوە دەدات

گوتەبێژی بانکی ناوەندیی عێراق، تیشکی خستە سەر هەوڵ و ستراتیژییەکانی بانکی ناوەندی بۆ کۆنترۆڵکردنی بازاڕی دراو و پاراستنی سەقامگیریی بەهای دیناری عێراقی. دەشڵێت: بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرانبەر بە دینار کاتییە.
پێنجشەممە 21ـی ئابی 2025، د. عەلا فەهد، گوتەبێژی بانکی ناوەندیی عێراق، لە میانەی بەشداریی لە گەشتی هەواڵە ئابوورییەکانی کوردستان24ـدا گوتی: بانکی ناوەندی کۆمەڵێک ستراتیژی گشتی فراوانی گرتووەتەبەر بۆ کۆنترۆڵکردنی بازاڕی ناوخۆ و ئازاد.
ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆی دانانی سەکۆی ئەلیکترۆنی و پێدانی دۆلار بە گەشتیاران و بازرگانان لە ڕێگەی بانکەکانەوە، کەرتی بانکی گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، ئەمەش وای کردووە ئەو بۆشاییەی لە نێوان نرخی فەرمی و نرخی بازاڕی دۆلاردا هەبوو، زۆر کەم بووتەوە.
سەبارەت بە بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرانبەر بە دینار، گوتەبێژی بانکی ناوەندیی عێراق، هۆکارەکەی گەڕاندەوە بۆ "هاتنی ژمارەیەکی زۆری زیارەتکار بۆ وڵاتەکە" کە بووەتە هۆی دروستبوونی خواستێکی زۆر لەسەر دۆلار، ئەمەش وای کردووە بەهاکەی بەرز ببێتەوە.
د. عەلا فەهد، دووپاتی کردەوە، بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرانبەر دیناری عێراق کاتییە، هەروەها دڵنیایی دا کە "بەهای دینار لە بەرزبوونەوە بەردەوام دەبێت و بەهای دۆلاریش لە دابەزین بەردەوام دەبێت.
جەختی لەوە کردەوە، لە کاتێکی وەک ئێستا هیچ گفتوگۆیەک یان بیرکردنەوە لە بارەی دەستکاریکردنی نرخی فەرمیی دۆلار بەرانبەر دینار نییە. گوتیشی: پلانی بانکی ناوەندی کارکردنە لەسەر سەقامگیرکردنی سیاسەتی نەختینەیی و پاراستنی بەهای دینار.