سروە رەسووڵ: بڕیارەکەی کۆچ و کۆچبەران داهاتووی پێکهاتەکان دەخاتە مەترسییەوە

بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هەماهەنگی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆ ڕایگەیاند:کولتووری پێکەوەژیانی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیی دەنگی داوەتەوە، بەگوێرەی ئەو راپرسیانەی لەنێو ئاوارەکان کراون زۆرینەیان ئارەزووی گەڕانەوەیان هەیە، بەڵام بە مەرجی سەقامگیری لەناوچەکانیان.

سروە رەسووڵ، بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هەماهەنگی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ هەینی 22ـی ئابی 2025، بە کوردستان24ـی گوت: بڕیارەکەی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لەبارەی ڕێگەنەدان بە گەڕانەوەی ئاوارەکان پێچەوانەی یاسا و دەستوورە و تاوەکوو ئێستا هەزاران قوربانی دەستی تیرۆر بێسەر و شوێنن.

بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هەماهەنگی قەیرانەکان گوتی: هۆکاری نەگەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ نەبوونی سەقامگیری و خزمەتگوزاری دەگەڕێتەوە لە ناوچەکانیان، لە ماوەکانی ڕابردوو ئاوارەبوونی پێچەوانە ڕوویدا، چاوەڕێی هەڵوێستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیین و لەگەڵ لایەنەکان لەسەر هێڵین لەسەر ئەم پرسە.

سروە رەسووڵ، ئاماژەی بەوە کرد، ئەم بڕیارە داهاتووی پێکهاتەکان دەخاتە مەترسییەوە، لە ئەگەری جێبەجێکردنی کارەسات دروستدەکات و هەروەها ڕێزنەگرتنە لە ماف و بیروباوەڕی پێکهاتەکانی ناوچەکە. بەگوێرەی ئەو راپرسیانەی لەنێو ئاوارەکان کراون، زۆرینەیان ئارەزووی گەڕانەوە دەکەن بۆ سەر زێدی خۆیان، بەڵام بە مەرجی پاراستنی شکۆ و سەقامگیریان لە ناوچەکانیان.

هەروەها باسی لەوە کرد، کولتووری پێکەوەژیانی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیی دەنگی داوەتەوە.

هەروەها دوێنێ پێنجشەممە، وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد بە هۆی شەڕی داعشەوە، ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییان، بە تایبەت لە پێکهاتەی مەسیحی و کوردانی ئێزدی، بە پاڵپشتی خەڵک و حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هاوکاری ئاژانس و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە کەمپەکان گیرساونەتەوە و تاوەکوو ئێستا 18 کەمپی تایبەت بە ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستانن و زیاتر لە 600 هەزار ئاوارە نەیاتوانیوە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان،  چاوەڕێی دۆخێکی ئارام دەکەن بۆ ئەوەی بە سەلامەتی و سەربەرزانە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.

هەروەها وەزارەتی ناخۆی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕاشیگەیاندووە، لە بری پاڵپشتیکردنی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە و بەشداریکردن لە زەمینە خۆشکردن بۆ دۆخێکی سەقامگیر، وەزیری کۆچ و کۆچبەران و لێژنەی باڵای ئیغاسە کۆبوونەوە دەکەن بۆ ئەوەی ئاوارەکان لە گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان بێبەش بکەن و بێ دیراسە و ڕاوێژکردن لەگەڵیان ناچاریان دەکەن وەکو نیشتەجێی دەرەوەی زێدی خۆیان بمێننەوە.

 
 
Fly Erbil Advertisment