ئێف بی ئای هەڵیکوتایە سەر ماڵی جۆن بۆڵتن

ئێف بی ئای بە مەبەستی گەڕان بەدوای زانیاری نهێنی هەڵیکوتایە سەر ماڵی ڕاوێژکاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا، سەرۆکی ئەمەریکاش دەڵێت، ئاگاداری ئەو بابەتە نییە. هاوکات لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا، ڕاوێژکارەکە لە ماڵەوە نەبووە.

ڕۆژی هەینی 22ـی ئابی 2025، ئێف بی ئای (نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی ئەمەریکا) هەڵیکوتایە سەر ماڵی جۆن بۆڵتن، ڕاوێژکاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا و یەکێک لە دیارترین ڕەخنەگرانی دۆناڵد ترەمپ. بەگوێرەی میدیاکانی ئەمەریکا، پشکنینەکانی ماڵی جۆن بۆڵتن بە مەبەستی گەڕان بە دوای زانیاریی نهێنی بووە.

ترەمپ، کاتێک پرسیاری لەو بارەوە لێکرا گوتی: هەرچەندە پەیوەندی لەگەڵ جۆن بۆڵتن نییە، بەڵام پێشوەختە ئاگاداری هەڵکوتانە سەرەکە نەبووە، بەڵکوو ئەمڕۆ بەیانی لە تەلەڤزیۆنەکان بینیویەتی.

ئاماژەشی دا، بۆڵتن هیچ بەهایەکی لای ئەو نییە، هاوکات تەنیا دەتوانێت لەڕێگەی میدیاکانەوە ڕەخنەم لێ بگریت.

لەو بارەوە کاش پاتەل، بەڕێوەبەری ئێف بی ئای، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیویەتی: هیچ کەسێک لە سەرووی یاساوە نییە و ئەندامەکانی ئێف بی ئای لە ئەرکەکانیان دان.

ڕۆژنامەی واشنتن پۆست بڵاوی کردووەتەوە کە بۆڵتن لە کاتی هەڵکوتانە سەرە ماڵەکەیدا لەوێ نەبووە و پێشتریش هیچ تۆمەتێکی ئاراستە نەکراوە.

بۆڵتن کە ئێستا تەمەنی 76 ساڵە، لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتیی ترەمپدا وەک ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی کاری کردووە و دواتر بە بڵاوکردنەوەی کتێبێکی بە ناوی "ئەو ژوورەی تێیدا ڕوویدا" ڕەخنەیەکی زۆری لە ترەمپ گرت، ئەمەش ئیدارەکەی تووڕە کرد، کە کتێبەکە لە ئیدارەی جۆو بایدن، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا بڵاو کرایەوە، پێشتر بە بیانووی زانیاری نهێنی ڕێگری لە بڵاو کردنەوەی دەکرا.

ئەم هەڵکوتانە سەرەی ئێف بی ئای بۆ سەر ماڵەکەی بۆڵتن، حەوت مانگ دوای ئەوە دێت کە ترەمپ پاسەوانی فیدراڵی لە بۆڵتن و چەندین کەسی دیکەی سەندەوە.

ڕاوێژکاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ABC لەبارەی هەڵوێستەکانی سەرۆکی ئەمەریکا لە بەرانبەر ئەو گوتی:پێم وایە ئەمە سەرۆکایەتیی تۆڵەسەندنەوەیە.

لە مانگی تەممووزدا، ئێف بی ئای لێکۆڵینەوەی تاوانکاریی لە دژی دوو ڕەخنەگری دیاری تری ترەمپ کردەوە، کە بریتیبوون لە جەیمس کۆمی، بەڕێوەبەری پێشووی ئێف بی ئای، و جۆن برێنان، بەڕێوەبەری پێشووی سی ئای ئەی.