ڕاگەیەنراوێک لە نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە

نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە بارەی ڕووداوەکەی سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند: زۆر دڵگرانین بە ڕووداوەکە، پێویستە یاسا ببێتە جێگرەوەی بڕیاری حزبی، هەروەها چیدیکە توندوتیژی، شەڕ و ئاژاوە، سەقامگیریی هەرێمی کوردستان نەخاتە مەترسییەوە.

هەینی 22ـی ئابی 2025، نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، هێرشی دوێنێ شەوی سەر لالەزار لە لایەن هێزەکانی ینک ئەنجام دراوە، کە کێشەیەکی نێوان ینک و بەرەی گەل بووە و سەرۆکایەتی حکوومەتی هەرێم ئاگادار نەبووە تا دوا ساتەکانی گەمارۆدان و پەلاماردان. 

نووسینگەکە جەختی لەوە کردووەتەوە، سەرەڕای هەوڵی زۆری سەرۆکی حکوومەت بۆ ئەوەی شەڕ و پێکدادان ڕوو نەدات، بەڵام زۆر بە داخەوە هێرشەکە ئەنجام درا و کوژراو و برینداری لێ کەوتەوە. 

لە ڕاگەیەنراوەکە ئەوەش خراوەتە ڕوو، زۆر نیگەران و دڵگرانین بەو ڕووداوە، ئێستاش پێویستە یاسا ببێتە جێگرەوەی بڕیاری حزبی.

نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دووپاتی کردەوە، چیدیکە توندوتیژی، شەڕ و ئاژاوە، سەقامگیریی هەرێمی کوردستان نەخاتە مەترسییەوە.

درەنگانی شەوی ڕابردوو هێزێکی زۆری یەکێتی بەرەو شوێنی نیشتەجێبوونی لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل جوڵەی پێ کرا و چواردەوری شوێنەکەی گیرا، هەروەها بەرەبەیانی ئەمڕۆش شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزی هەردوولا ڕووی دا، دوای کوژرانی سێ ئەندامی هێزەکانی یەکێتی و برینداربوونی 19 کەسی دیکە، لاهور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای دەستگیر کران.

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment