تەقینەوەیەکی گەورە لە ویلایەتی لویزیانا ڕوویدا

بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، تەقینەوەیەکی گەورە لەناو دامەزراوەیەکی نەوت، لە ویلایەتی لویزیانای ئەمەریکا ڕوویدا و ئاگرێکی گەورەی لێکەوتەوە.
بەگوێرەی سەرچاوەکانی ئەمەریکا، تەقینەوەکە لە کۆمپانیای 'سمیتی ساپلای' لە شاری ڕۆزلاند لە پارێزگای تانگیپاهوا ڕوویداوە، کە تایبەتە بە بەرهەمهێنانی پێکهاتە نەوتییەکان و ڕۆنی ئۆتۆمبێل.
بەرپرسانی ناوچەکە ڕایانگەیاند، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و فریاکەوتن چوونەتە شوێنی ڕووداوەکە بۆ کۆنترۆکردنی ئاگرەکە، ئاماژەیان بەوەشکردووە، کارگەکە نزیکەی 400 کرێکاری تێدابووە.
تۆڕی 'ئێن بی سی'ـی ئەمەریکی بڵاویکردەوە، بەرپرسان فەرمانیان بە دانیشتوانی نزیک کۆمپانیاکە کردووە بۆئەوەی ناوچەکە چۆڵ بکەن.
شارەوانی تانگیپاهوا ڕایگەیاند، دەیان تیمی فریاکەوتن و ئاگرکوژێنەوە گەیشتوونەتە شوێنێ ڕووداوەکە، هەروەها داواشی لە دانیشتوانی ناوچەکە کردووە، دەستبەجێ لە ناوچەکە دوور بکەونەوە.
ڕۆبی میلەر بەرپرسی پارێزگاکە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ڕووداوەکە هیچ زیانێکی گیانیا لێنەکەوتووەتەوە، ئاماژەی بەوەش کردووە، هێشتا ئاگرەکە کۆنترۆڵ نەکراوە و هۆکاری تەقینەوەکەش ڕوون نییە.
A massive explosion occurred at an oil supply company in Roseland, Tangipahoa Parish, Louisiana, US 🇺🇸 (22.08.2025) pic.twitter.com/5xahms83OF
— FA EXTREME WEATHER NEWS (@FAexweather) August 23, 2025