کۆنگرێسمانێک ستایشی گرێبەستەکانی هەرێم لەگەڵ دوو کۆمپانیای ئەمەریکی دەکات
کۆنگرێسمانێک ستایشی گرێبەستەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دوو کۆمپانیای ئەمەریکی دەکات و دەڵێت: پێویستە ڕێز لە قوربانیدان و هاوپەیمانێتی کوردستان بگرین.
سکۆت پێری، کۆنگرێسمانی ئەمەریکا، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ڕەحیم ڕەشیدی، بەرپرسی نووسینگەی کوردستان24 لە واشنتن، جەختی لەسەر گرنگیی پەیوەندیی ستراتیژی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان کردەوە و ڕایگەیاند کە "ئێران ناتوانێت بەردەوام بێت لە بەکارهێنانی عێراق وەکو لقێک لەخۆی و دەوڵەتی ژێردەستەی."
پێری لە گوتەکانیدا ئاماژەی بەوەدا، کوردەکان لە زۆربەی دۆخەکاندا هاوکار و پشتیوانی ئەمەریکا بوون و هەرێمی کوردستان قوربانیی زۆری داوە. لەم ڕوانگەیەوە، کۆنگرێسمانەکە گوتی: "پێویستە ڕێگەیەک بدۆزینەوە بۆ ئەوەی ڕێزلێنانی خۆمان نیشانبدەین بۆ کوردستان، چونکە هاوکاریان کردووین."
"گرێبەستەکان لە بەرژەوەندیی هەموواندان"
ئایاری ئەمساڵ شاندێکی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی سەردانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکای کرد و چەندان دیدار و کۆبوونەوەی گرنگیان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا و ئەندامانی کۆنگرێس ئەنجامدا.
یەکێک لە دەسکەوتە هەرە دیارەکانی ئەم سەردانە، واژۆکردنی دوو گرێبەستی گرنگی بواری وزە بوو لەگەڵ کۆمپانیا ئەمەریکییەکانی 'ئێچ کەی ئینێرجی' (HKN Energy) و 'وێستێرن زاگرۆس' (WesternZagros). مەسرور بارزانی ئەم گرێبەستانەی بە "قۆناغێکی نوێی پەیوەندییەکانی نێوان کوردستان و ئەمەریکا" وەسف کرد.
سکۆت پێری ئاماژەی بە گرنگیی سەردانەکەی سەرۆک وەزیران و واژۆکردنی گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیا ئەمەریکییەکان کرد و گوتی: "ئێمە باس لە پەیوەندییەکی ستراتیژی دەکەین. ئەو ڕێککەوتنە لە بەرژوەندیی ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان و تەنانەت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشە."
پەیوەندییە مێژووییەکانی ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان
پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا مێژوویەکی درێژی هەیە و لە قۆناغە جیاوازەکاندا، بەتایبەت لە شەڕی دژی ڕژێمی پێشووی عێراق و دواتریش لە تێکشکاندنی تیرۆریستانی داعش، هێزی پێشمەرگەی کوردستان ڕۆڵێکی بەرچاوی بینیوە و وەک هاوپەیمانێکی سەرەکی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا دەرکەوتووە.
کۆنگرێسمان سکۆت پێری، کە بە یەکێک لە دۆستەکانی کورد لە کۆنگرێسی ئەمەریکا ناسراوە، پێشتریش لە چەندین بۆنەدا ستایشی ڕۆڵی پێشمەرگە و حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کردووە. ئەم لێدوانە نوێیەی جارێکی دیکە جەختکردنەوەیە لەسەر ئەو دیدگایەی کە لەنێو بەشێک لە بڕیاربەدەستانی واشنتندا هەیە سەبارەت بە پێگەی هەرێمی کوردستان وەک هاوبەشێکی جێی متمانە.
گرێبەستە نوێیەکانی بواری وزە، کە بەهاکەیان بە دەیان ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت، نەک تەنها وەک هەنگاوێکی ئابووری، بەڵکو وەک قووڵکردنەوەی پەیوەندییە سیاسی و ستراتیژییەکانی نێوان هەولێر و واشنتن سەیر دەکرێن، کە دەتوانێت ببێتە داینەمۆی گەشەی ئابووری و سەقامگیری زیاتر بۆ هەرێمی کوردستان.