هاوپەیمانیی 'بەڕێوەبردنی دەوڵەت' کۆدەبێتەوە؛ ڕووداوەکانی سلێمانی و چەند پرسێکی دیکە تاوتوێ دەکات
هاوپەیمانیی 'بەڕێوەبردنی دەوڵەت' تاوتوێی ڕووداوەکانی سلێمانی، پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی و دۆخی ناوچەکە دەکات.
بڕیارە چوارشەممەی داهاتوو، 27ـی ئابی 2025، هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کۆبوونەوەیەکی گرنگ بە ئامادەبوونی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق؛ مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆک و نوێنەری حزبە سیاسییەکانی ئەندام لە هاوپەیمانییەکە؛ ئەنجام بدات.
بەگوێرەی زانیاریی میدیا عێراقییەکان کە لە سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە وەریانگرتووە، کۆبوونەوەکە چەند تەوەرێکی هەستیار لەخۆدەگرێت. لە گرنگترین ئەو بابەتانەی کە بڕیارە گفتوگۆیان لەسەر بکرێت، دوایین پێشهاتەکانی شاری سلێمانی و دۆسیەی پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبییە.
جگە لەوەش، کۆبوونەوەکە هەڕەشەکانی ئەمەریکا سەبارەت بە پڕۆژەیاساکەی حەشدی شەعبی و ئەگەری سەپاندنی سزا بەسەر عێراقدا تاوتوێ دەکات.
ئەمە لە کاتێکدایە، پڕۆژەیاساکەی حەشدی شەعبی بووەتە بابەتێکی جێی ناکۆکی لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە، بەتایبەت کە هەندێک لایەنی شیعە سوورن لەسەر پەسەندکردنی، ئەمەش نیگەرانیی ئەمریکای لێکەوتووەتەوە.