شادومان مەلا حەسەن: بەرەی گەل لە پرۆسەی سیاسی بەردەوام دەبێت

سەرکردەیەکی بەرەی گەل ئاشکرای کرد، کە حەشدی شەعبی لە هێرش کردنە سەر لالەزار بەشدار بووە. گوتیشی: وەک بەرەی گەل پرۆسەی سیاسی بەردەوام دەبین.
شەممە 23ـی ئابی 2025، شادومان مەلا حەسەن، سەرکردە لە بەرەی گەل، لە میانی بەشداریی لە ژووری هەواڵی کوردستان24ـدا گوتی: بەرەی گەل حزبێکی مۆڵەتپێدراو و یاساییە، هەروەها لە پرۆسەی سیاسی بەردەوام دەبێت و لاهور شێخ جەنگیش وەک ڕەمزێکی حزبەکە دەمێنێتەوە.
لە ئەگەری ئازادنەکردنی لاهور شێخ جەنگی و چارەنووسی بەرەی گەل، سەرکردەی ئەو حزبە ئاشکرای کرد، کەسی زۆر باش و بە توانامان لە حزبەکەدا هەیە، شێوە فۆڕمێکی تایبەت بەخۆمان بۆ بەڕێوەبردن ڕێکدەخەین.
سەبارەت بە چارەنووسی لاهور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای، شادومان مەلا حەسەن، گوتی: ئێستا لاهور زیندانی کراوە، بەڵام زانیاریم نییە لە کوێ زیندانی کراوە، هەروەها پۆڵادیش لە نەخۆشخانەیە و چارەسەری پێویستی بۆ دەکرێت.
شادومان مەلا حەسەن، بێ هیوابوونی خۆی لە کارەکانی لیژنەی حکوومەتی عێراق لە بارەی ڕووداوەکەی لالەزار دەربڕی و ڕوونی کردەوە، حکوومەت عێراق بەر لەوەی ئەو پێکدادانە ڕووبدات ئاگادار کرابووەوە کە ڕێگری لێ بکات، بەڵام هیچ هەڵوێستی نەبوو.
هاوکات ئەو سەرکردەیەی بەرەی گەل، لە بارەی ڕووداوەکەی لالەزار زانیارییەکی نوێی ئاشکرا کرد و گوتی: حەشدی شەعبیش لە هێرش کردنە سەر لالەزار بەشدار بووە.
شادومان مەلا حەسەن، داوا دەکات لاهور شێخ جەنگی لە سلێمانی دادگایی نەکرێت و دەڵێت: لە هەر شوێنێک جگە لە سلێمانی دادگایی بکرێت ئاساییە.
گوتیشی: "بە بێ ئەوەی لاهور شێخ جەنگی پێشوەختە ئاگادار بکرێتەوە کە فەرمانی دەستگیرکردنی هەیە، هێزێکی زۆر بۆ سەر شوێنی نیشتەجێبوونەکەی نێردرا، کە هێزەکە چەکی قورس و درۆنی بۆمبڕێژکراوی پێ بوو، مەزەندە دەکەم سەرۆکی یەکێتی سەروو 50 ملیۆن دۆلاری بۆ هێرشەکەی سەر لالەزار خەرج کردووە، ئەوەی ئەو هێزە کردی، حزبی بەعسیش لە ساڵی هەشتەکان هەر ئەوەندەی کرد."
هەر ئەمڕۆ کەناڵی زووم، کە لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل خاوەنییەتی، بڵاوی کردەوە، بە ڕاسپاردەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لیژنەیەکی تایبەت بە لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکەی لالەزار گەیشتە سلێمانی.
کەناڵەکە ئاماژە بەوەش کردووە، ئێستا لیژنەکە دەستی کردووە بە لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکەی لالەزار، هەروەها ئەنجامی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی ڕووداوەکەش دەگوازرێتەوە بۆ بەغدا.
درەنگانی شەوی پێنجشەممە 21ـی ئابی 2025، هێزێکی زۆری یەکێتی کە پێکهاتبوون لە (کۆماندۆ، ئاسایش و دژەتیرۆر) بەرەو لالەزار شوێنی نیشتەجێبوونی لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل جوڵەی پێ کرا و چواردەوری شوێنەکەیان گەمارۆ دا.
بەرەبەیانی هەینی 22ـی ئابی 2025، شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزەکانی یەکێتی و هێزی دووپشکی سەر بە لاهور شێخ جەنگی ڕوویدا، دوای ڕووبەڕووبوونەوەیەکی توندی چەکداری کە بۆماوەی چەند کاتژمێرێک بەردەوام بوو، لە ئەنجامدا سێ ئەندامی هێزەکانی یەکێتی کوژراون و 19ـی دیکەش بریندار بوون، هەروەها لاهور شێخ جەنگی و پۆڵادی براشی دەستگیر کران.