گانتز داوا لە ناتانیاهۆ دەکات حکوومەتێکی یەکگرتوو لە ئیسرائیل پێکبهێنێت بۆ ئازادکردنی بارمتەکان

بێنی گانتز، وەزیریبەرگریی پێشوو و ئەندامی کنێست، داوای لە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کرد، حکوومەتێکی کاتیی یەکگرتوو لەگەڵ کەسایەتییە ئۆپۆزسیۆنەکان پێکبهێنێت. ئامانجی سەرەکی ئەم پێشنیازە، دەستەبەرکردنی ڕێککەوتنێکە کە ببێتە هۆی ئازادکردنی بارمتەکانی غەززە و چارە کردنی پرسی سەربازیی ناچاری بۆ خوێندکارە جولەکە ئۆرتۆدۆکسەکان.

گانتز لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "من لێرەم بەناوی ئەو بارمتانەی کە دەنگیان نییە، لێرەم بۆ ئەو سەربازانەی هاوار دەکەن، بەڵام هیچ کەسێک لەم حکوومەتەدا گوێیان لێناگرێت". جەختیشی کردەوە "ئەرکی یەکەم و سەرەکی دەوڵەت ڕزگارکردنی ژیانی هاووڵاتیانە".

هاوپەیمانی حوکمڕانی ناتانیاهۆ لەلایەن پارتە ڕاستڕەوە توندڕەوەکانەوە پاڵپشتی دەکرێت،  بە توندی دژی هەر جۆرە ڕێککەوتنێک یان کۆتاییهێنان بە شەڕن لەگەڵ حەماس. گانتز،  سەرەڕای ناکۆکییەکانی لەگەڵ ناتانیاهۆ لە سەرەتای شەڕی غەززەدا پەیوەندی بە کابینەی جەنگەوە کرد، پێشنیازی کردووە حکوومەتێکی ئینتیقالی پێکبهێنرێت، لایەنە توندڕەوەکان بێلایەن بکات و ڕێگە بۆ ڕێککەوتنی ئازادکردنی بارمتەکان خۆش بکات.

گانتز داوای لە سەرکردەکانی ئۆپۆزسیۆن، یائیر لاپید و ئەڤیگدۆر لیبەرمان کرد، پێشنیازەکەی لەبەرچاو بگرن، هەرچەندە پێشتر هەردووکیان چوونە ناو هەر حکوومەتێک بە سەرۆکایەتی ناتانیاهۆیان ڕەتکردبووەوە.

هاوپەیمانییەکەی ناتانیاهۆ ڕووبەڕووی مەترسی هەڵوەشاندنەوە بووەتەوە، بەتایبەت لەدوای پشووی هاوینەی کنێست. کێشەی سەرەکی پەیوەستە بە پڕۆژەیاسای سەربازیی ناچاری بۆ خوێندکارانی قوتابخانە ئایینییە جولەکەکان (یەشیڤا)، کە بووەتە هۆی لەدەستدانی پشتیوانی پارتە ئۆرتۆدۆکسە توندڕەوەکان.

بەپێی پێشنیازەکەی گانتز، حکوومەتە کاتییەکە دوای مسۆگەرکردنی ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان و داڕشتنی یاسایەکی نوێ بۆ خزمەتی سەربازی، هەڵدەوەشێتەوە و وادەیەک بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە لە بەهاری 2026دیاری دەکرێت.