شەترە، شارۆچکە گەورەکەی عێراق، لەنێوان پرۆژە و کارەبا و خزمەتگوزارییەکاندا گیری خواردووە

شارۆچکەی شەترە، کە بە یەکێک لە گەورەترین شارۆچکەکانی عێراق دادەنرێت، لە دۆخێکی خراپی خزمەتگوزاریدا دەژی. سەرباری تەرخانکردنی پارەیەکی زۆر بۆ پرۆژەکان، دانیشتووانەکەی سکاڵا لە کەمیی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و خراپیی پرۆژە جێبەجێکراوەکان دەکەن.

جاسم هاشم، چالاکوانێکی ناوچەکە، تایبەت بە کوردستان24 گوتی: ئاماژەی بەوەدا کە "شەترە گەورەترین شارۆچکەیە لەسەر ئاستی عێراق، و گونجاو نییە ئەمە دۆخی بێت، سەیری ئەو زبڵ و وێرانکارییە بکەن کە لە شەقامەکاندایە."

هاووڵاتییەکی دیکەش گوتی: "خزمەتگوزاریمان لە خوار سفرەوەیە، تەماشای ئەو بازنەی سووڕانەوەیە بکە بووەتە زبڵخانە."

شارۆچکەی شەترە یەکێکە لە هەرە دێرینترین شارۆچەکانی سنووری پارێزگای زیقار لەرووی کولتوور و شوێنەوار، بەڵام ئەم شارۆچەکەیەک ئەمڕۆ بەهۆی تەواونەکردنی پرۆژەکان و نەبوونی پلانێکی تەواو بۆ ژێرخانەکەی خەریکە وەکو وێرانەی لێدێت، هەروەها خزمەتگوزاری تیایدا زۆر خراپە.

هاووڵاتییەکی شارۆچکەکە دەڵێت: شەترە پێشتر شارۆچەکەیەکی زۆر جوان بوو، بە جوانییەکەی ناسرابوو، بەڵام ئێستا رێک پێچەوانەیە، سەیری ئەو شەقامەکە بکەن چەن وێرانە، زۆرینەی شەقامەکان بەو شێوەیەن، نازانم بۆچی ئاوا دواکەوت.

هاووڵاتییەکی دیکە گوتیشی: کۆمپانیایان هێنا بۆ ئەوەی شەقامی نوێ دروست بکات، بەڵام شەقامە کۆنەکە باشتر بوو، کۆمپانیاکان دێن ئامێرەکانیان دادەنێن و دواتر دەڕۆن و کەس نایانبینێتەوە. بە هاوین تۆز دەمانخوات، بەزستانیش تا پشتێنەمان ئاو دێت.

دانیشتووانی شەترە هەست بە پشتگوێخستنێکی ئاشکرا دەکەن لەلایەن حکوومەتەوە، کە وەک پێویست ئاوڕ لە دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان ناداتەوە. ئەمەش وایکردووە ژیانی ڕۆژانەیان زۆر قورس بێت، بەتایبەتی لە وەرزی هاویندا بەهۆی تۆز و خۆڵەوە و لە زستانیشدا بەهۆی کۆبوونەوەی ئاوەوە.