کشتوکاڵی دهۆک: ئەمساڵ چاوەڕێی بەرهەمهێنانی 60 هەزار تۆن ترێ دەکەین
لە دهۆک کردنەوەی کارگەی شەربەت کێشەی ساغکردنەوەی بەرهەمی ترێ چارەسەر دەکات
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی پارێزگای دهۆک، ڕایگەیاند، بە پشتیوانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەرهەمی ترێ لە پارێزگای دهۆکدا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ بەرهەمی ترێ بگاتە 60 هەزار تۆن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 24ـی ئابی 2025، ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی کوردستان24 ڕایگەیاند، کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرنگییەکی بەرچاوی بە کەرتی کشتوکاڵ داوە، ئەمەش بووەتە هۆی بووژانەوەی بەرهەمە ناوخۆییەکان. پارێزگای دهۆک نموونەیەکی دیاری ئەم پێشکەوتنەیە، کە لە بەرهەمهێنانی ترێدا پێگەیەکی لەپێشینەی لەسەر ئاستی عێراق بەدەستهێناوە.
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک دەڵێت: پارێزگای دهۆک بەناوبانگە لە بەرهەمهێنانی ترێ و بەپێی ئامارەکان خاوەنی نزیکەی 39 هەزار دۆنم زەویی چێنراو بە مێوە. ئەمەش وایکردووە لە بەرهەمهێنانی ترێدا لەسەر ئاستی عێراق پلەی یەکەم بەدەستبهێنێت.
دەشڵێت: زیاتر لە 105جۆری جیاوازی ترێ لەم پارێزگایەدا بەرهەم دێت، کە هەندێک لە جۆرەکانی لەسەر ئاستی جیهانیش دەگمەنن. ساڵانە بۆ ناساندن و نمایشکردنی ئەم بەرهەمە دەوڵەمەندە، پێشانگا و فیستیڤاڵی تایبەت ڕێکدەخرێت.
ئەحمەد جەمیل، ئاماژەی بەوەش دا، پێشتر یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی جووتیاران، ساغکردنەوەی بەرهەمەکانیان بووە. بەڵام ئێستا بەهۆی هەنگاوەکانی حکوومەت و هاتنەپێشەوەی وەبەرهێنەران، چارەسەری ئەم کێشەیە کراوە. لەم چوارچێوەیەدا، چەندان کارگەی دروستکردنی شەربەت و بەرهەمەکانی دیکەی ترێ دامەزراون. یەکێک لەم کارگانە لە ناوچەی مانگێشک تەواو بووە و ئەمساڵ دەست بە وەرگرتنی بەرهەمی ترێی جووتیاران دەکات. هاوکات، پڕۆژەیەکی گەورەتریش لە قەزای سێمێل لە قۆناغی جێبەجێکردندایە و کۆگای تایبەتیشی بۆ تەرخان کراوە. ئەم هەنگاوانە یارمەتیدەرن بۆ دۆزینەوەی بازاڕ بۆ بەرهەمی زیاد لە پێداویستیی ناوخۆ.
بەگوێرەی وتەی ئەحمەد جەمیل، ئەم زیادبوونەی بەرهەمی ترێ لە دهۆک لە ئەنجامی پشتیوانیی بەردەوامی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە. حکوومەت لە ڕێگەی پێشکەشکردنی هاوکاریی، ڕێنمایی بەردەوام بە جووتیاران، و دابینکردنی جۆری نوێی ترێ کە لەگەڵ کەشوهەوای ناوچەکەدا دەگونجێت، ڕۆڵێکی کاریگەری لەم پێشکەوتنەدا بینیوە.