بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر: هەڵبژاردنی سووریا نادیموکراسیە

لۆگۆی بەرێوەبەرایەتی خۆسەر و حکوومەتی سووریا
لۆگۆی بەرێوەبەرایەتی خۆسەر و حکوومەتی سووریا

بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر ڕایگەیاند، ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەم کاتەدا، دوورخستنەوەی نزیکەی نیوەی سووریەکانە لەم پرۆسەیە، ئەمەش بەهیچ شێوەیەک گوزارشت لە ئیرادەی گەلی سووریا ناکەن.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 24ـی ئابی 2025، بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە ڕۆژئاوای کوردستان، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، لە کاتی ڕووخانی ڕژێمی ئەسەدەوە تا ئێستا، هەر لە دەستپێکی کۆنفرانسی دیالۆگی نیشتمانی و پێکهێنانی حکوومەتی کاتی و ڕاگەیاندنی دەستوور هەڵبژاردنی پەرلەمانی سووریا، هەموویان هەنگاوێک بوون بۆ دژایەتی ئامانجەکانی شۆڕشی سووریا، کە داوای دادپەروەری و دیموکراسی و یەکسانی و ئازادی بۆ هەموو پێکهاتەکانی سووریای دەکرد. 

ئاماژەی بەوەش کرد، سوورییەکان قوربانییان داوە بۆ بەدەستهێنانی مافی هاووڵاتیبوونیان، دیارترینیان مافی خۆکاندیدکردن بۆ پۆست و دەنگدان لە هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانەدایە، بەڵام دەبینین مێژوو دووبارە دەبێتەوە و جارێکی دیکە ئەم هەموو سوورییەکان لەم مافە بێبەش دەکرێت، چونکە ئەم هەڵبژاردنانە نادیموکراسین و بە هیچ شێوەیەک گوزارشت لە ئیرادەی گەلی سووریا ناکەن.

بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر جەختیشی کردەوە، ئەوان نوێنەرایەتی هیچ ئامانجێک ناکەن، جگە لە درێژەدان بەو پەراوێزخستن و دوورخستنەوەیەی کە سوورییەکان لە ماوەی 52 ساڵی ڕابردوودا لە ژێر دەسەڵاتی بەعسدا تووشی بوون.

ئیدارەی خۆسەر ڕاشیگەیاند، لەم کاتەدا ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردن هەوڵێکە بۆ دوورخستنەوەی نیوەی سووریەکان لەم پرۆسەیە، جا له ڕێگەی ئاوارەبوونی ناچاری بێت یان ڕێگرتن له به شداری پێکهاتەکان له داڕشتنەوەی ئایندەی وڵاتدا، ئەم پرۆسەیە کە بەڵگەیەکی ئاشکرایە و لە ژێر ناوی هەڵبژاردن دەکرێت، هەنگاوێکە چارەسەری تەواو و داواکارییەکانی سووریەکان بەدی ناهێنێت کە پێویستیان پێیەتی.

بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر، باسی لەوەش کردووە، ناساندنی ناوچەکانمان وەک ناوچەی ناپارێزراو، پاساوهێنانەوەیە بۆ سیاسەتی نکۆڵیکردنی زیاتر لە پێنج ملیۆن سووری، ئەمەش  ناڕاستە، بەو پێیەی ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەراورد لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی سووریا سەلامەتترین ناوچەن.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئێمە وەک بەشێکی ڕەسەن لە سووریا و گەلەکەی، هەر ڕێکارێک و بڕیارێک کە بە عەقڵیەتێکی تاکلایەنە بسەپێندرێت، ڕەتدەکەینەوە، کە قوربانیدان و مافە ڕەواکانی هەموو پێکهاتەکان پشتگوێ بخات، ئاماژەی بەوەش داوە، ئێمە هیچ بڕیارێک جێبەجێ ناکەین کە لە چوارچێوەیەدا درابێت، هەروەها گەلانی ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا پییەوە پابەند نابن، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین دان بەو هەڵبژاردنانەدا نەنێت کە پێچەوانەی بڕیارنامەی 2254ـە.

بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا گوتی: جارێکی تر دووپاتی دەکەینەوە کە چارەسەری دۆخی سووریا بە هەمان سیاسەتە کۆنەکان بەدی نایەت، بەڵکو بە پرۆسەیەکی سیاسی تەواو کە هەموو سوورییەکان بە پێکهاتە جیاوازەکانەوە تێیدا بەشداربن، سووریایەکی دیموکراسی و فرەیی و لامەرکەزی بەدی دێت، کە مافەکان زامن دەکات و ڕێگا بۆ ئاشتی و سەقامگیری دەکاتەوە.

 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment