نوێنەری خامنەیی لە عێراق: حەشدی شەعبی هێزێکی دڵسۆزی کۆماری ئیسلامییە

موجتەبا حوسێنی، نوێنەری خامنەیی لە عێراق
موجتەبا حوسێنی، نوێنەری خامنەیی لە عێراق

موجتەبا حوسێنی، نوێنەری ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە عێراق، ڕایگەیاند، داواکارییەکانی ئەمەریکا بۆ چەک داماڵین، یان هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی لە عێراق، خەونێکی نەزۆکە و ئەندامانی حەشد، هێزێکی دڵسۆزی بەرەی کۆماری ئیسلامین.

یەکشەممە، 24ـی ئابی 2025، نوێنەری ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە ئاژانسی هەواڵی 'فارس' ی ڕاگەیاند "ئەگەر ئێران لە کاتی جەنگی 12 ڕۆژەدا دەستبەجێ وەڵامی هێرشەکەی ئیسرائیلی بدایەتەوە، ئەوا وەک دەستپێشخەری شەڕ دەبینرا؛ بەڵام دواخستنی وەڵامەکە بۆ ماوەی نزیکەی 18 کاتژمێر، دەرفەتی دا بە جیهان تا بزانن کە ئێران تەنیا بەرگری لە خۆی دەکات."

موجتەبا حوسێنی، ستایشی ئەرتەش و سوپای پاسدارانی ئێرانی کرد و ڕایگەیاند "مووشەکەکان بە وردی ئامانجە هەستیارەکانی دوژمنیان پێکا و شکۆی سوپای ئیسرائیلیان شکاند" هەروەها گوتی: ئەم وەڵامەی ئێران هەیبەت و شکۆی بۆ کۆماری ئیسلامی لە سەرانسەری جیهاندا بەدەست هێنا.

نوێنەری عەلی خامنەیی لە عێراق، باسی لە پشتیوانیی گەلی عێراق بۆ ئێران کرد و گوتی: گەنجانی عێراقی ئامادەیی خۆیان بۆ بەشداریکردن لە شەڕەکەدا دەربڕیبوو، ئەم شەڕەیان بە شەڕی دژ بە بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی، شیعە و ئیسلام دەزانی.

سەبارەت بە داواکارییەکانی ئەمەریکا بۆ هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی، موجتەبا حوسێنی، ڕایگەیاند "ئەمە خەونێکی نەزۆکە، گەلی عێراق هەرگیز ئەوە قبووڵ ناکەن و ئەندامانی حەشد هێزێکی خۆڕاگر و مەشقپێکراوی پڕچەکن و لە بەرەی کۆماری ئیسلامی و مقاوەمەی ئیسلامیدا کار دەکەن."

 
 
Fly Erbil Advertisment