شاندی دەم پارتی بۆ ئیمراڵی لەگەڵ ئۆجەلان کۆدەبێتەوە

بۆ یەکەم جار دوای دامەزراندی کۆمیسۆنی تایبەت بە پرۆسەی ئاشتی، شاندی دەم پارتی بۆ ئیمراڵی سەردانی ئۆجەلان دەکات.

ڕۆژنامەیەکی نزیک لە دەم پارتی ڕایگەیاندووە، ئەم هەفتەیە شاندی دەم پارتی بۆ ئیمراڵی کە پێکهاتوون لە پەروین بوڵدان، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و میتحەت سانجار، پەرلەمانتاری دەم پارتی، سەردانی دورگەی ئیمراڵی دەکەن و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کۆدەبنەوە.

هاوکات سەردانەکە، یەکەم کۆبوونەوەی نێوان شاندی ئیمراڵی و ئۆجەلان دەبێت لە دوای دامەزراندنی کۆمسیۆنی هاودەنگی نیشتیمانی، برایەتی و دیموکراسی.

ڕۆژنامەکە ڕاشیگەیاندووە، چاوەڕێ دەکرێت ئۆجەلان پەیامەکانی سەبارەت بە کارەکانی کۆمیسیۆن و پرۆسەی چەک دانانی پەکەکە بگەیەنێتە شاندەکە و دواتر بۆ ڕای گشتی بڵاوی بکەنەوە.

 ئەمە لە کاتێکدایە توڵای هاتیمئۆغڵولاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی ڕایگەیاندووە، ماوەی مانگێکە هیچ دیدارێک لەگەڵ ئۆجەلان ئەنجام نەدراوە و بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە، بۆیە پێویستە کۆمیسیۆنی پەرلەمان بەبێ دواکەوتن لەگەڵ ناوبراو کۆببێتەوە.

ڕۆژی هەینی، 25ـی تەممووزی 2025، شاندی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) بۆ دوورگەی ئیمراڵی، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کۆبووەوە و ڕۆژی شەممەش، 26ـی تەممووزی 2025، ڕاگەیەنراوێکی نووسراویان لەبارەی ئەنجامی دیدارەکەیان بڵاوکردەوە. 

بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، کۆبوونەوەکە "سێ کاتژمێر و نیوی" خایاندووە و گفتوگۆیان لەبارەی دیدارەکانی شاندی دەم پارتی لەگەڵ سەرۆک کۆمار ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، یڵماز تونچ، وەزیری داد و پارتە سیاسییەکانی دیکەی تورکیا و باکووری کوردستان، کردووە. 

وەکوو ئەوەی شاندەکەی دەم پارتی باسی کردووە، ئۆجەلان لەبارەی ڕێوڕەسمی چەکدانانی ئەو گرووپەی پەکەکە، گوتوویەتی "شێوازی مەراسیمەکە، ئەو ئیرادەی نیشان دا، بیر و باوەڕ و بڕیارداری بەڕێوەچوونی پرۆسەکە زۆر سەنگینە."

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment