بە چاودێریی واشنتن، سووریا و ئیسرائیل لە ڕێککەوتنی ئەمنیی نزیک دەبنەوە
تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ سووریا، ئاشکرایکرد، ئیسرائیل و سووریا "گفتوگۆی نیەتپاکی" ئەنجام دەدەن سەبارەت بە ڕێککەوتنێکی ئەمنیی ئەگەری، بەڵام هێشتا لە گەیشتن بە بڕیارێکی کۆتایی نزیک نین. باراک بە ماڵپەڕی "ئاکسیۆس"ی ڕاگەیاندووە، "ئەوان مەبەست و ئارەزووی هاوبەشیان هەیە، بەڵام لە ئێستادا هێشتا کاری زیاتر ماوە." هەروەها گوتیشی: "گفتوگۆی بنیاتنەر لە نێوان ئەم دوو وڵاتە دەروازەیەکە بۆ لێکگەیشتنێکی درێژخایەن کە ڕێگە بۆ سەقامگیری و خۆشگوزەرانی لە ناوچەکەدا خۆش دەکات."
لەلایەن خۆیەوە، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا، ڕایگەیاند، شاندەکانی سووریا و ئیسرائیل لە دانوستانەکانیان بۆ پەرەپێدانی ڕێککەوتننامەیەکی ئەمنیی دووقۆڵی، پێشکەوتن بەدەست دێنن. شەرع لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕۆژی یەکشەممە جەختی لەوە کردەوە "درێغی ناکات لە ئەنجامدانی هەر ڕێککەوتنێک یان بڕیارێک کە خزمەت بە بەرژەوەندی وڵات بکات."
شەرع ڕوونیکردەوە، ئەو ڕێککەوتنەی گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، لەسەر بنەمای گەڕانەوەیە بۆ هێڵی جیاکردنەوەی هێزەکانی نێوان ئیسرائیل و سووریا لە بەرزاییەکانی جۆلانی داگیرکراو، لە ساڵی 1974 دامەزراوە. ناوبراو هەروەها ئاماژەی بە گرنگی یەکگرتنی ئابووری لە نێوان وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کرد.
ئەم دانوستانانە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی نێوەندگیری ئەمەریکادایە. لەم چوارچێوەیەدا, ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا، لە 20ـی ئاب لە پاریس لەگەڵ وەزیری پلاندانانی ستراتیژی ئیسرائیل، ڕۆن دێرمەر، کۆبووەوە. لەو دیدارەدا، هەردوولا باسیان لە ڕێوشوێنی هاوبەش کرد بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان لە پارێزگای سوەیدا و بەرزکردنەوەی سەقامگیری لە باشووری سووریا. هەروەها جەخت لەسەر پێویستی دانانی میکانیزمێکی ڕوون کرایەوە بۆ دەستپێکردنەوەی ڕێککەوتنی جیابوونەوەی هێزەکان لە بەرزاییەکانی جۆلان.
ماوەی حەوت مانگە سوپای ئیسرائیل چیای هێرمۆن (جبل شێخ) و ناوچەیەکی ئەمنیی بە پانایی 15 کیلۆمەتری لە هەندێک ناوچەی باشووری سووریا داگیرکردووە، کە زیاتر لە 40 هەزار سووری تێیدا نیشتەجێن. هەرچەندە ئیسرائیل لە ساڵی 1967وە زۆربەی بەرزاییەکانی جۆلانی داگیرکردووە، بەڵام ڕووداوەکانی کۆتایی ساڵی 2024 و ڕووخانی ڕژێمی پێشووی سووریای بۆ فراوانکردنی زیاتری داگیرکارییەکانی قۆستەوە.