پزیشکیان: ئێران هەرگیز بەدوای بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمییەوە نەبووە و نابێت

مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران پێزانینی خۆی بۆ هەڵوێستەکانی ڕووسیا دەربڕی سەبارەت بە مافی پیتاندنی یۆرانیۆم و جەختی کردەوە، ئێران هەرگیز بەدوای دروستکردنی چەکی ئەتۆمییەوە نەبووە، نییە و ناشبێت.
سێشەممە، 26ـی ئابی 2025، ئاژانسی هەواڵی ئیرنا، بڵاوی کردەوە "بەپێی ڕاپۆرتی سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران، ڤلادیمیر پوتن، بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، کردووە و تەوەری سەرەکی و ئەنجامی دانوستاندنەکانی ئەم دواییەی خۆی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، لە ئالاسکا خستە ڕوو."
پوتن، بە پزیشکیانی ڕاگەیاندووە "لەم ڕاوێژانەدا گەیشتینە ئەنجامی باش، ئەگەر بە تەواوی جێبەجێ بکرێن، کێشەی ئۆکرانیا چارە دەبێت". سەرۆکی ڕووسیا، هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە کە گفتوگۆکانیان لەو کۆبوونەوەیەدا تەنیا دەربارەی پرسی ئۆکرانیا بووە.
ڤلادیمیر پوتن، پرۆسەی پەیوەندییەکانی ڕووسیای لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بنیاتنەر و لە پەرەسەندنی بەردەوامدا وەسف کرد و گوتی: ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات لە 6 مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 11% گەشەی کردووە و هاریکارییەکان لە بوارەکانی دیکەشدا، لەوانە دروستکردنی هێڵی ئاسنی ستراتیجیی ڕەشت-ئاستارا، بەردەوامە.
پوتن، ئاماژەی بەوەش دا، هاریکاریی نێوان هەردوو وڵات لە بواری وێستگە ئەتۆمییەکانی بوشەهر، جێی ڕەزامەندییە و ڕایگەیاند "هەموو هاریکارییە تەکنیکییەکان لە کاتی دیاریکراودا دەکرێن و گواستنەوەی سووتەمەنیی نوێش بۆ ئەم وێستگەیە لە بەرنامەدایە".
سەرۆک کۆماری ڕووسیا جەختیشی کردەوە "بەدەستهێنانی مافی پیتاندنی یۆرانیۆم لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لای ڕووسیا بنەڕەتی و یەکلاکەرەوەیە" و گوتی: هیوادارم دانوستاندنەکان لەسەر بابەتی بڕیارنامەی 2231 بگاتە ئەنجامی دڵخواز.
پزیشکیان، دڵخۆشیی خۆی لەوە دەربڕی کە بە گوتەی سەرۆک پوتن، دانوستاندنەکانی ئالاسکا ئەنجامی جێی ڕەزامەندییان هەبووە و گوتی: هیوادارم ڕێککەوتنەکان لە کردەوەدا ببنە هۆی چارەکردنی خێراتری کیشەی ئۆکرانیا.
سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند "ڕاستەوخۆ بەدواداچوون بۆ خێراکردنی جێبەجێکردنی هێڵی ئاسنی ڕەشت-ئاستارا و ڕێککەوتنەکانی دیکەی نێوان هەردوو لا دەکات" و گوتی: ئێران جگە لە بواری پەیوەندییە دوولایەنەکان لەگەڵ ڕووسیا، ڕێکخراوە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانی وەک یەکێتیی ئۆراسیا، ڕێکخراوی شانگهای و بریکس بە سەکۆیەکی گونجاو بۆ هاریکاری لەگەڵ وڵاتانی ئەندام، بەتایبەتی ڕووسیا و چین، بۆ بەرەنگاربوونەوەی کاریگەریی خۆسەپاندنی هێز، دەزانێت.
پزیشکیان، سوپاسی هەڵوێستەکانی حکوومەتی ڕووسیای کرد سەبارەت بە مافی پیتاندنی یۆرانیۆم لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە و دووپاتی کردەوە "ئێران هەرگیز بەدوای دروستکردنی چەکی ئەتۆمییەوە نەبووە، نییە و ناشبێت".
سەرۆک کۆماری ئێران، سەبارەت بە سەردانەکەی بۆ ئەرمینیا، گوتی: سەرۆک وەزیرانی ئەرمینیا دڵنیایی دا کە لە گفتوگۆ و ڕێککەوتنەکانی ئەم دواییەی ئەو وڵاتە لەگەڵ کۆماری ئازەربایجان و ئەمەریکادا، تێبینییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ڕووسیا بە تەواوەتی لەبەرچاو گیراون."