کاندیدێکی هەڵبژاردن بەتۆمەتی فریودانی دەنگدەران دەستگیرکرا
دادگای لێکۆڵینەوەی دووەمی کەرخ، ئەمڕۆ سێشەممە، دەستگیرکردنی کاندیدێکی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی ڕاگەیاند، تۆمەتی دەستگیرکردنەکەی فریودانی دەنگدەران بووە بە پێدانی بەڵێنی دامەزراندن لە دامودەزگاکانی حکوومەتدا.
سێشەممە، 26ـی ئابی 2025، دادگای لێکۆڵینەوەی دووەمی کەرخ ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە، تیایدا هاتووە، ئەو کاندیدە تۆمەتبارە بە پێشکەشکردنی هاوکاریی دارایی بەدەنگدەران، هەروەها پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنی بەکارهێناوە بۆ فریودانی دەنگدەران بەڵێنی دامەزراندنی لە دامودەزگاکانی حکوومەت پێداون، هەروەها بەڵێنی وەرگرتنی قەرز و وەرگرتنی مووچەی چاودێری کۆمەڵایەتی پێداون لە بەرامبەر دەنگ پێدانی.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، دادگای لێکۆڵینەوەی دووەمی کەرخ لێکۆڵینەوەکانی تەواوکردووە، و گوتەکانی تۆمەتباری وەرگرتووە و پشتڕاستی کردووەتەوە، هەروەها کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ئاگادار کراوەتەوە بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ دوورخستنەوەی کاندیدی تۆمەتبار.
ئەنجوومەنی باڵای دادوەری جەختی لەسەر پابەندبوون بە یاسا کارپێکراوەکانی ڕێکخستنی پرۆسەی هەڵبژاردن کردەوە و ڕێنمایی بۆ سەرجەم دادگاکان دەرکرد کە چاوپۆشی نەکەن ئەگەر هەر دیاردەیەکی بینی شەفافیەتی پرۆسەی هەڵبژاردن تێکبدات.
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ڕۆژی 11ی تشرینی دووەمی 2025ـی وەک وادەی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق دیاری کرد، کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانیش ڕایگەیاند، لە ڕۆژی 8ـی ئۆکتۆبەرەوە بانگەشەی کاندیدەکان دەستپێدەکات و تاوەکوو 24 کاتژمێر پێش دەستپێکردنی دەنگدانی تایبەت بەردەوام دەبێت، هەورەها لەکۆی 46 ملیۆن هاووڵاتی عێراقی، نزیکەی 30 ملیۆن کەس مافی بەشداریکردنیان لەم هەڵبژاردنەدا هەیە.
