نیگارکێشێکی کورد بۆ پێنجەمین جار لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیاوە خەڵات کرا
لە ڕێوڕەسمێکدا لە مۆسکۆ، وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا بۆ پێنجەمین ساڵ لەسەریەک، خەڵاتی باشترین نیگارکێشی تەلارسازی دیپلۆماسی بەخشییە نیگارکێشی کورد، نوریک موسایان.
نوریک موسایان، لە کێبڕکێیەکدا بە بەشداری زیاتر لە 300 نیگارکێش لە چەندین وڵاتی جیهانەوە، توانی پلەی یەکەم بەدەستبهێنێت. تابلۆکەی کە وێنەی "گۆڕەپانی سمۆلێنسکایا" بوو، بووە هۆی سەرکەوتنی لەم پێشبڕکێیەدا.
خەڵاتەکە لەلایەن ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیاوە پێشکەشی موسایان کرا.
بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا، ئەمساڵ نیگارکێشانێک لە وڵاتانی ڕووسیا، ئەمەریکا، نەمسا، هۆڵەندا، کازاخستان، بیلاڕووس، مۆڵدۆڤا، جۆرجیا، نیکاراگوا، ئۆزبەکستان، تورکیا و سووریاوە بەشدارییان لە پێشبڕکێکەدا کردبوو.
نوریک موسایان، گەنجێکی کوردی بەهرەمەند و نیشتەجێی مۆسکۆیە و تەمەنی 22 ساڵە. هاوکات لەگەڵ سەرکەوتنەکانی لە بواری نیگارکێشیدا، خوێندکارێکی زیرەکیشە و ئەمساڵ کۆلێژی تەلارسازی بە پلەی نایاب تەواو کردووە.
لەبەر لێهاتوویی، بڕوانامەی ڕێزلێنانی (بڕوانامەی سوور) زانکۆی پێبەخشراوە و هەروەها کورسییەکی خوێندنی ماستەریشی بە بێ بەرامبەر پێشکەش کراوە.