کاربەڕێکەری نوێی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا دەستنیشان کرا

جۆش هاریس, کاربەڕێکەری نوێی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا
جۆش هاریس, کاربەڕێکەری نوێی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا

جۆش هاریس وەک کاربەڕێکەری نوێی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا دەستنیشان کرا.

باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا، لە پۆستێكدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) ڕایگەیاند، هەفتەی داهاتوو، جۆش هاریس، جێگری پێشووی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، وەک کاربەڕێکەری نوێی باڵیۆزخانەکە لە جێگەی ستیڤن فاگن دەستبەکار دەبێت. 

باڵیۆزخانەکە ڕایگەیاندووە، متمانەی تەواویان بە هاریس هەیە بۆ بەردەوامیدان بە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و عێراق.

جۆش هاریس دیپلۆماتکارێکی پیشەگەری کارا و ئەندامی باڵای خزمەتگوزاری دەرەوەی ئەمەریکایە. ئەو خاوەنی ئەزموونێکی دەوڵەمەندە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا.

 هاریس لە 18ی تەمموزی 2022 ئەرکی جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی بۆ کاروباری وڵاتانی جەزائیر، میسر، لیبیا، مەغریب و تونس وەرگرتبوو و لە 5ی ئابی 2025 کۆتایی بە کارەکانی لەو پۆستەدا هات.

پێشتر و لە نێوان ساڵانی 2021-2022، لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی کۆشکی سپی، بەڕێوەبەری کاروباری باکووری ئەفریقا بووە و هەماهەنگی بۆ داڕشتن و جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی ئەمەریکای کردووە لە ناوچەی مەغریبی عەرەبی.

 شارەزایی هاریس لە دۆسیەی عێراقدا بۆ ئەزموونی پێشووتری دەگەڕێتەوە، کاتێک وەک بەڕێوەبەری دۆسیەی عێراق لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی و هەروەها بەڕێوەبەری سیاسەتەکان لە نوێنەری تایبەتی سەرۆک بۆ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش کاری کردووە.

ئەزموونە دیپلۆماسییەکانی دیکەی هاریس بریتین بوون لە کارکردن لە باڵیۆزخانەکانی ئەمریکا لە بەغدا، تەرابلوسی پایتەختی لیبیا، لیوبلیانا لە سلۆڤینیا و زاگرێب لە کرواتیا. لە نێوان ساڵانی 2019 بۆ 2021، چەندین جار پۆستی جێگری سەرۆکی شاند و کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکای لە لیبیا بەڕێوەبردووە.

جۆش هاریس دەرچووی کۆلێژی 'ئێدمۆند ئەی واڵش' بۆ خزمەتگوزاریی دەرەوە لە زانکۆی جۆرج تاون و هەروەها کۆلێژی ئابووری و زانستە سیاسییەکانی لەندەن  (LSE)ە. ناوبراو جگە لە زمانی ئینگلیزی، بە زمانەکانی عەرەبی، کرواتی، فەرەنسی، ئیتاڵی، پۆڵەندی و سلۆڤینی قسە دەکات.

دانانی هاریس لەم پۆستەدا لە کاتێکی هەستیاردایە کە پەیوەندییەکانی نێوان واشنتون و بەغدا ڕووبەڕووی چەندین ئاڵنگاری بووەتەوە، لەوانە پرسی مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان، هەڕەشەی گرووپە چەکدارەکان و پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی.