سەرۆکی ئاژانسی وزەی ئەتۆم: تیمێکمان گەیشتووەتە تاران

یەکەم تیمی پشکنینی وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی گەیشتە ئێران دوای شەڕی 12 ڕۆژە لەگەڵ ئیسرائیل.

ڕافایێل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم (IAEA)، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی هەواڵی 'فۆکس نیوز'ـی ئەمەریکی ڕایگەیاند، یەکەم تیمی پشکنینیان گەیشتوونەتە ئێران بۆ سەردانیکردنی وێستگە ئەتۆمییەکان، ئەمەش دوای شەڕی 12 ڕۆژە.

گرۆسی ئاماژەی بەوەش دا "گفتوگۆیان لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانیدا کردووە بۆ دابینکردنی ئاسانکاری بۆ تیمەکە، چونکە دانوستانێکی جیدی لەگەڵ ئێراندا بەبێ پشکنینی وێستگە ئەتۆمییەکانیان ئەستەمە، هەرچەندە ئەمەش کارێکی قورسە."

هەروەها بە گوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی 'ئەسۆشیەیتد پرێس' پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، تەنیا ئەو وێستگانە دەپشکنن کە لە لایەن ئەمەریکا و ئیسرائیلەوە بۆمباران نەکراون.

عێراقچی: ئێران ئامادەیە بە مەرج لەگەڵ ئەمریکا دانوستان لەسەر پرۆگرامی ئەتۆمی بکات

ئەمە لە کاتێکدایە، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە نوێترین لێدوانیدا ڕایگەیاندووە، وڵاتەکەی ئامادەیە بە مەرج لەگەڵ ئەمەریکا دەست بە دانوستانە ناڕاستەوخۆکان بکاتەوە سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی.

عراقچی جەختی لەوە کردەوە، ئێران هەمیشە ئامادەیە بۆ چوونە نێو دانوستانێکی دادپەروەرانە؛ بەڵام مەرجی سەرەکی تاران ئەوەیە کە ئەمریکا گەرەنتی ئەوە بدات کە لە کاتی دانوستانەکاندا هیچ هێرشێکی سەربازی ناکاتە سەر ئێران.

ناوبراو بە توندی هۆشداری دا و گوتی: "ئەگەر ئەمریکا پێی وابێت ئەوەی لە ڕێگەی هێرشە سەربازییەکانەوە نەیتوانیوە بەدەستی بێنێت، دەتوانێت لە ڕێگەی دانوستانەوە بە دەستی بێنن، ئەوا ئێران ئامادەی بەشداریکردن لە دانوستانەکە نییە."