مۆزەخانەی ڤان گۆخ لە ئەمستردام دادەخرێت

مۆزەخانەی ڤان گۆخ لە ئەمستردام ڕایگەیاند، مۆزەخانەکە پێویستی بە نۆژەنکردنەوەیە و بەرهەمەکانی ئەو هونەرمەندە هۆڵەندییە مەترسی لە نێوچوونیان هەیە، بۆیە دەبێت حکوومەتی وڵاتەکە هاوکاری دارایی بۆ دابین بکات، هاوکات حکوومەتی هۆڵەنداش ئاماژەی داوە، کە هاوکاری پێویستیان دابین کردووە، ئەمەش کێشەی لە نێوان مۆزەخانەکە و حکوومەت دروست کردووە و بۆ چارەکردنی کێشەکانیان هانایان بۆ دادگا بردووە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 27ـی ئابی 2025، مۆزەخانەی ڤان گۆخ لە ئەمستردام هۆشداریدا، ئەگەر حکوومەت هۆڵەندا یارمەتی دارایی زیاتری پێشکەش نەکات، ئەوا مۆزەخانەکە دادەخرێت، چونکە مۆزەخانەکە پێویستی بە نۆژەنکردنەوە هەیە و ناتوانن گەرەنتی لە سەلامەتی کارمەندان، سەردانکەران و کەلوپەل و بەرهەمەکان بدرێت.ئاماژەشی داوە، نۆژەنکردنەوەکە پێویستی بە 120 ملیۆن دۆلار هەیە.

مۆزەخانەکەی زۆرترین کارەکانی ئەو هونەرمەندەی لە جیهاندا کۆکردووەتەوە و باسی لەوە کردووە، ناتوانێن بەردەوامی بە مۆزەخانەکە بدەن، جەختیشی کردووەتەوە، دەبێت حکوومەتی هۆڵەندا پابەندی ڕێککەوتنی ساڵی 1962 بێت کە لەگەڵ ڤینسێنت ویلیم ڤان گۆخ برازای ڤان گۆخ کردوویەتی.

بۆ ئەمەش مۆزەخانەی ڤان گۆخ لە دادگای ئەمستردام دەستی بە ڕێکارە یاساییەکان کردووە و بڕیارە لە شوباتی 2026 دانیشتنێکی دادگا بەڕێوە بچێت.

هاوکات وەزارەتی ڕۆشنبیری هۆڵەندا ئەوەی ڕەت کردەوە و ڕایگەیاندووە، مۆزەخانەکە پێشتر ئەو بڕە یارمەتی دارایی پێویستە لەژێر یاسای میراتی هۆڵەندا وەرگرتووە بۆ دابینکردنی خەرجی چاکسازی دابین کراوە.

لە مۆزەخانەکە زیاتر لە 200 تابلۆی ئەو هونەرمەندە هۆڵەندییە و 500 وێنەی نەخشێندراو و نزیکەی تەواوی نامەکانی هەڵگرتووە، کە لەلایەن برازاکەی لە ساڵی 1962 بە مۆزەخانەکە دراون، لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێک کە حکوومەتی هۆڵەندا پشتیوانی لە پاراستنی مۆزەخانەکە دەکات.

مۆزەخانەی ڤان گۆخ یەکێکە لە بەناوبانگترین دامەزراوە ڕۆشنبیرییەکانی هۆڵەندا. کە لە ساڵی2017 بە دوو ملیۆن و 600 هەزار سەردانیکەر ژمارەی پێوانەی شکاند، هەروەها لە ئاهەنگی کردنەوەیەوە نزیکەی 57 ملیۆن کەس ئامادەبوون، هاوکات 85%ـی داهاتەکەی لە سەردانکەران و هاوبەشی تایبەتەوە دابین دەکات.

ڤینسێنت ڤان گۆخ، کە لە ساڵی 1890 لە تەمەنی 37 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد، زیاتر لە 800 تابلۆی بەرهەمهێنا و بە یەکێک لە کاریگەرترین کەسایەتییەکانی هونەری ڕۆژئاوا دادەنرێت. کارەکانی، لەوانەش "گوڵەبەڕۆژەکان" و "شەوی ئەستێرەیی"، لەنێو خۆشەویستترین تابلۆکانی جیهانن.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment