لێکۆڵینەوەیەک: نزیکەی 5 هەزار گۆرانیی کوردی دزراون و کراونەتە تورکی

بەپێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکی بەرفراوانی میوزیکی، دەرکەوتووە کە چوار هەزار و 971 گۆرانیی فۆلکلۆر و رەسەنی کوردی بەبێ مۆڵەت و بە شێوەیەکی نایاسایی کراونەتە تورکی و وەک بەرهەمی تورکی ناسێنراون.

لە لێکۆڵینەوەکەدا کە لەلایەن توێژەر و میوزیکۆلۆگی کورد "وەیسی ڤارلی" ئەنجام دراوە، زیاتر لە 28 هەزار گۆرانیی کوردی خراونەتە ژێر پشکنین و بەراوردکاریی وردەوە، لە ئەنجامدا دەرکەوتووە لەو ژمارەیە 4 هەزار و 971 گۆرانی بە ناڕەوا و بێدەستوور دەستکاری کراون و میلۆدی و تێکستەکانیان کراونەتە تورکی، کە ئەمەش بە "دزینی هونەری" هەژمار دەکرێت.

وەیسی ڤارلی، لەبارەی لێکۆڵینەوەکەی ئاماژە بەوە دەکات، بەهۆی ئەو گوشار، ستەم و قەدەغەکارییە مێژووییەی لەسەر زمان و چاندی کوردی هەبووە، بەرهەمە هونەرییە کوردییەکان وەک "ماڵی تاڵانکراو" کەوتوونەتە بەر شاڵاوی دزین؛ ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی هونەر و کەلەپووری دەوڵەمەندی کوردی ڕووبەڕووی هەڵوێستێکی ڕەگەزپەرستانەی لەو شێوەیە ببێتەوە.

وەیسی ڤارلی تەمەنی 68 ساڵە و لە ساڵی 1988ـەوە بەردەوامە لەسەر ئەم توێژینەوەیە، ناوبراو پێشتر لە نێوان ساڵانی 1972 تا 1988 سەرقاڵی کاری میوزیکژەنی بووە و لەگەڵ هەریەک لە هونەرمەندان (دلگەش) و (برادەر) و لەنێو گرووپی "کۆما دەنگی شۆڕش" کاری کردووە، بەڵام دواتر وازی لە ژەندن هێناوە و وەک شارەزایەکی بواری میوزیکۆلۆجی، تەمەنی خۆی بۆ بەبەڵگەکردنی ئەو گۆرانییە کوردییانە تەرخان کردووە کە کراونەتە تورکی.

توێژینەوەکە جەخت لەوە دەکاتەوە، سەرەڕای هەموو هەوڵەکانی دزین، تاڵانکردن و شێواندنی دەق و ئاوازە ڕەسەنەکان، میوزیکی کوردی توانیویەتی بە زیندوویی بمێنێتەوە و وەک قەڵایەکی پتەو پارێزگاری لە هونەر، کەلتوور و ناسنامەی گەلی کورد بکات.