پرۆسەی ئاشتی تورکیا ڕێگای 15 گوندی سنووری ئامێدی کردەوە

بەهۆی وەستانی شەڕی نێوان پارتی کرێکارانی کوردستان(پەکەکە) و سووپای تورکیا، ڕێگەی 15 گوند لە بناری چیای گارەی سنووری قەزای ئامێدی کراونەتەوە، جووتیاران و خەڵکی گوندەکانیش بەپرۆسەکە دڵخۆشن.

 ساڵانی پێشوو، چەند کاتژمێرێک ڕێگە بە جووتیاران دەدرا بچنە نێو باخەکانی خۆیان بۆ ئەوەی کاری چاندن یاخود ڕنینەوەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانیان بکەن و بیگەیەننە بازاڕەکان، بەڵام ئەمساڵ پرۆسەی ئاشتی تورکیا، کاریگەریی ئەرێنی لەسەر دۆخی جووتیاران و خەڵکی گوندەکان، هەروەها بەرهەمی کشتوکاڵی ناوچەکە کردووە.

لەماوەی یەک هەفتەدا، خەڵکێکی زۆری ئەو 15 گوندەکانی بناری چیای گارە، گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و زەوی کشتوکاڵی خۆیان، پەیامنێری کوردستان24 ئاماژە بەوە دەکات، بەرهەمی سماق، زۆرترین بەرهەمی کشتوکاڵی ناوچەکەیە، بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی دهۆک، داهاتی بەرهەمی سماقی ناوچەکە 500 ملیۆن دینارە.

بەهۆی هێرشی فڕۆکە و تۆپەکانی تورکیا، لە گوندی دێرەشێ، زیانێکی زۆر بەر ماڵی هاووڵاتییان و زەوییە کشتوکاڵییەکان کەوتووە، هاووڵاتییەکی دانیشتوی گوندەکە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ماوەی هەفتەیەکە خەڵکی گوندەکە دەگەڕێنەوە سەر ماڵی خۆیان، ناوچەکە ئارام بووەتەوە، دەشڵێت: هەر 15 گوندەکە، بەرهەمی سماق و گوێز و ترێی زۆریان هەیە، گوتی: دڵخۆشین بەوەی، ئێستا بێ ترس دەتوانین بچینە نێو باخەکانی خۆمان و کشتوکاڵ بکەین.

گوتی: "بەهۆی بۆردومانی تۆپ و فڕۆکەی تورکیا، زیانێکی زۆر بەر ئەو گوندانە کەوتووە، ماڵی ئێمەش بۆردومانکرا، بەڵام نەمردین، 20 ڕۆژێکە تۆپ و فڕۆکە بۆردومانمان ناکات و حەساوینەتەوە".

 

 

Fly Erbil Advertisment