بەرێوەبەری زیندانیانی سیاسی: ماف و مووچەی زیندانیانی سیاسی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی بەغدای لێدێت
بە گوێرەی هەمواری یاسای زیندانیانی سیاسی عێراق، ماف و ئیمتیازاتی زیندانیانی سیاسی هەرێمی کوردستان، هاوشێوەی بەغدای لێدێت.
لە یاسای ژمارە 4ـی ساڵی 2006ـی پەرلەمانی عێراقدا، بە گشتی باس لە ئیمتیازات و مافی زیندانییە سیاسییەکان کراوە، دواتر لە ساڵی 2013 لە یاسای ژمارە 34، هەموار کراوتەوە و دواجار ساڵی 2025 لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا جارێکی دیکە هەموار کرایەوە و کۆمەڵێک ماف و ئیمتیازات، بۆ زیندانیانی سیاسی عێراق و هەرێمی کوردستان دەستەبەر کرا.
پێنجشەممە، 28ـی ئابی 2025، ئەحمەد مام ڕەسول، بەرێوەبەری زیندانیانی سیاسی و کەسوکاری شەهیدان لە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، دوای هەوڵێکی زۆری وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان لەگەڵ لیژنەی شەهیدان و زیندانییە سیاسییەکانی پەرلەمانی عێراق، دواجار ئەو بڕیارە درا.
ئەحمەد مام ڕەسول ئاماژەی بەوەش کرد، لە کوردستان بەپێی یاسای ژمارە 11ـی ساڵی 2011، ماف و ئیمتییازاتمان دەدا بە زیندانییانی سیاسی، کە لەگەڵ یاسای عێراقی لە ڕووی دەرماڵەی مانگانەوە جیاوازییەکی زۆری هەبوو، کە لە کوردستان زۆرترین بڕی 500 هەزار دینارە، بەڵام لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق یەک ملیۆن و 200 هەزار دینارە.
گوتیشی: لە ڕووی ئیمتییازاتی نێو یاساکەش، ئیمتیازاتێکی زۆر دراوە بە زیندانیانی سیاسیی بەغدا بە بەراورد هەرێمی کوردستان.
بەرێوەبەری زیندانیانی سیاسی هەرێمی کوردستان، باسی لەوەش کرد، بەو پێیەی کە ماددەی 15ـی یاسا هەموارکراوەکە هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە، سەرجەم زیندانییە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان ماف و ئیمتیازاتەکانی بەغدایان دەبێت، کە ئەمەش بە هەنگاوێکی ئەرێنی دادەندرێت.
هەروەها ئەحمەد مام ڕەسول ڕاشیگەیاند، ئەوەی کە دەمێنێت کارکردنی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکوومەتی کوردستانە بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیران، بۆ ئەوەی بتوانین لەگەڵ حکوومەتی فیدرالی دانیشتنێک ئەنجام بدەین بۆ تاوتوێکردنی هەموو وردەکارییەکان بۆ ئەم مەبەستەش میوانداریمان کردوون.
ڕاشیگەیاند، هەرکەسێک بەڵگەی فەرمی گیرانی هەبوو بەپێی یاساکە بە زیندانی سیاسی دادەندرێت، ئاماژەی بەوەش دا، بەپێی بڕیارێکی دادگای فیدڕالی، نابێت کەسێک لە دوو یاسای هاوشێوە لە کوردستان و حکوومەتی عێراق سوودمەند بێت، چونکە ئەستۆپاکیمان ئامادە کردووە بۆ ئەوەی بتوانن ئەو بەشەی ماویانە لە قەرەبووەکە لە حکوومەتی عێراق وەریبگرن.
سەبارەت بە ئاوارەکانی هەڵەبجە بۆ ئێران کە بەڵگەیان هەیە، ئەحمەد مام ڕەسول گوتی، دەبوو سوودمەندبان بەڵام حکوومەتی فیدرالی کەمتەرخەم بووە، ئێمە دەتوانین لە ڕێگەی لایەنی پەیوەندیدار مافەکانیان بەدەستبهێنینەوە بە هەمان شێوەی ئاوارەکانی عێراق لە ڕەفحا، کە ئەوانیش سوودمەند بوون.
هەروەها ڕوونیشی کردەوە، هەوڵێکی زۆرمان داوە لەڕێگەی گفتوگۆکانمانەوە لەگەڵ وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکوومەتی فیدرالی کەمئەندامانی سەنگەریش مافەکانیان بۆ بگەڕێتەوە و بەڵێنی ئەوەمان وەرگرتووە کە ئەمڕۆ بکەوێتە بواری دەنگدان.
هەموارکردنەوەی ئەو یاسایە و پرۆژە یاسایەکانی دیکەی عێراق لەگەڵ هەرێمی کوردستان، کاریگەریی ئەرێنی دەبێت و لەمەودوا هیچ جیاوازییەک لە مافەکانی نێوانیاندا نامێنێت.