سوودانی: عێراق لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دانەبڕاوە

سەرۆک وەزیرانی عێراق دووپاتی کردەوە، بارودۆخی ئەمڕۆی عێراق لەگەڵ ساڵی 2014 جیاوازە. دەشڵێت: پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ڕێکخستووەتەوە.
شەممە 30ـی ئابی 2025، نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاوی کردەوە، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکە، بەشداریی لە کۆنگرەی ڕیش سپی و پیاوماقولانی لە گەڕەکی کەرخ لە بەغدا کرد.
سەرۆک وەزیران لە کۆنگرەکەدا ڕایگەیاند: ڕێکخستنەوەی پەیوەندی لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، بە واتای دابڕانی عێراق لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نایەت.
باسی لەوەش کرد، بارودۆخی ئەمڕۆی عێراق لەگەڵ ساڵی 2014 جیاوازە، هەروەها باشترین پەیوەندیمان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەیە.
هاوکات دەڵێت: ئامانجمان پاراستنی بەرژەوەندییەکانی عێراق و عێراقییەکان بووە. گوتیشی: هەمیشە هەواڵی ئەوەمان داوە عێراق نەبێتە گۆڕەپانی جەنگ و لە هیچ جەنگێکیش تێوەنەگلێت.
ئەم قسەکانی سوودانی لە کاتێکدایە، دوێنێ سەرچاوەیەکی باڵای سەربازیی حکوومەتی عێراق، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاندبوو: ماوەی 5 ڕۆژە بەشێکی زۆری هێزەکانی ئەمەریکا لە هەردوو سەربازگەی (عەین ئەسەد و ڤیکتۆریا) کشاونەتەوە، هەروەها بڕیارە ڕۆژی شەممە، تەواویی هێز و کارمەندەکانی ئەمەریکا لە سێ شوێنی بەغدا (ناوچەی سەوز، بنکەی سەربازیی ڤیکتۆریا و بارەگای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان)، بکشێنەوە و شوێنەکانی ڕادەستی هێزە عێراقییەکان بکەن.
ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەش کردبوو، ئێستا تەنیا چەند ئامێر و کەرەستەیەکی سەربازی و پێداویستی هێزەکانی ئەمەریکا لە بەغدا ماون، بڕیارە ئەمشەو تاوەکوو سبەینێ تەواویی سەرباز و کارمەند و کەرەستەکانیان بگوازنەوە.