نوێنەری گوندی تەپەسەوز: دەستبەرداری زەویەکانمان بۆ عەرەبە هاوردەکان نابین

گوندی تەپەسەوز کە سەر بە خورماتووە و نزیکەی 120 ماڵی تێدایە دانیشتوانەکەی کوردن، هەرچەندە لە دوای 16ـی ئۆکتۆبەر گوندەکەیان چۆڵ نەکرد، بەڵام ڕووبەڕووی تەعریب بوونەوە، ئێستاش عەرەبی هاوردە چاویان بڕیووەتە 1800 دۆنم زەوی ئەو جووتیارە کوردانە و دەیانەوێت بە گرێبەستێکی سەردەمی بەعسی ڕووخاو داگیری بکەن.

ئەحمەد جومعە، نوێنەری جووتیارانی گوندی تەپەسەوز، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەم گرێبەستانەی هەمانە وەکوو تاپۆ وایە، بەڵام ئێستا کاری پێناکەن، عەرەبە هاوردەکان زەوییەکانی ئێمەیان داگیر کردووە، دەشڵێت: ئێمە کە لە 1987 بە بیانووی ئەوەی تێکدەرین ئێمەیان ڕاگواست و گوندەکانیان ڕووخاندین.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو عەرەبانە لە ساڵی 1990ەوە گرێبەستیان لەسەر 1800 دۆنم زەوی ئێمە کردووە، گوتیشی: ئێمە لە ساڵی 2003ەوە تاوەکوو 2014 هیچ کێشەیەکمان نەبوو، بەڵام لە 2014ەوە ئەوان ناوچەکەیان چۆڵ کرد، چونکە زۆرینەیان داعش بوون، بەڵام دوای 16ـی ئۆکتۆبەر ئەوان زیاتر دەچنە دادگا و سکاڵا دەکەن.

ئەحمەد جومعە ڕاشیگەیاند، زیاتر ئەندامێکی ئەنجوومەن پاڵپشتیان دەکات، ئەویش لەبەر دەنگەکانیانە، بەڵام ئێمە دەستبەرداری یەک بیست زەوییەکانمان نابین، ڕوونیشی کردەوە، ئەوان لە کۆی 55 گرێبەست، حەوت گرێبەستیان نوێ کردووەتەوە بە نایاسایی، چونکە لە یاسا هاتووە، نوێکردنەوەی گرێبەستی زەوی دەبێت ساڵی پێشتر خۆت تۆوت کردبێت، هەروەها دەبێت خاوەن زەوییەکانی تەنیشتت شاهێدی بدەن کە زەویەکە هی تۆیە، بەڵام ئەوان کە گرێبەستەکانیان نوێ کردووەتەوە بە نایاسایی بووە.

دەشڵێت: ئێمە نووسراومان لە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بۆ هاتووە، کە ئەو ناوچەیە لە چوارچێوەی ماددەی 140ـە نابێت هیچ گرێبەستێک نوێ بکرێتەوە، تاوەکوو بڕیاری پەرلەمانی بۆ دەردەچێت، هەروەها لە نووسراوەکەدا هاتووە گرێبەستەکان پێشتر چۆن بووە دەبێت بەو شێوەیە بێت، واتە بۆ خاوەنەکانیان بگەڕێتەوە. 

ئەحمەد جومعە جەختیشی کردەوە، ئەو 22 جووتیارەی لەو گوندە فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووبوو، بە کەفالەتی پێنج ملیۆن ئازاد کراون.