ئێسکەپەیکەری دایناسۆرێک بە زیاتر لە 31 ملیۆن دۆلار فرۆشرا

زیاتر لە سێهێندەی نرخی مەزەندەکراوی کرد

K24 - هەولێر

دایناسۆرێکی چاخی تەباشیری، هەموو پێوەرەکانی تێکشکاند کاتێک لە زیادکردنێکدا بە زیاتر لە 31 ملیۆن دۆلار لەلایەن کەسێکی نەناسراوەوە کڕدرا.

ئێسکەپەیکەری دایناسۆری تی رێکس کە بە ستان بەنێوبانگە، چوار هێندەی نرخی مەزەندەکراوی کرد، کاتێک دوێنێ (چوارشەممە، 7-10-2020) لە ماڵی زیادکردنەکانی کریستیز لە نیویۆرک نمایشکرا و فرۆشرا.

یەکێک لە هۆکارەکانی گرانیی نرخی ئەو دایناسۆرە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە: زۆر دەگمەنە زاناکانی بواری شوێنەوار تێریناسۆرێکی وەکو ستان بدۆزنەوە، هەروەها دەگمەنتریشە لە مەزاد بفرۆشرێت.

جەیمس هیسلۆپ، لە راپۆرتێکدا کە نیویۆرک تایمز دوێنێ بڵاویکردووەتەوە دەڵێ "دوایین جار کە ئێسکەپەیکەرێکی هاوشێوە لە زیادکردندا فرۆشراوە، لە ساڵی 1997 بوو، کاتێک پاشماوەی ئێسکەپەیکەرێکی دیکەی دایناسۆری تی رێکس ناسراو بە سوو بە بڕی 8.36 ملیۆن دۆلار فرۆشرا".

بەرزیی دایناسۆری ستان چوار مەترە و درێژییەکەی زیاتر لە 12 مەترە، چەند کونێک لە مل و ئێسکی کەللـەسەری هەن. زاناکان پێیان وایە، ئەو کونانە بەهۆی شەڕکردن لەگەڵ دایناسۆری دیکەوە دروستبوون.

زاناکان دەڵێن، ئەو دایناسۆرە کاتێک لە ژیاندا بووە، کێشی هەشت تۆن بووە و لە تەمەنی 20 ساڵیشدا گیانی لەدەستداوە.

ئەو ئێسکەپەیکەرە لە ویلایەتی ساوس داکۆتا لە ئەمەریکا لە ساڵی 1987 دۆزراوەتەوە. زاناکانی شوێنەوارناسی لە پەیمانگای بلاک هیڵز بۆ لێکۆڵینەوە جیۆلۆجییەکان لە ساوس داکۆتا، 30 هەزار کاتژمێر کاریان کردووە تاوەکو هەر 188 ئێسکەکەیان دەرهێناوە.

هەرچەندە ئێسکەپەیکەری دایناسۆرەکە زیاتر لە 31 ملیۆن دۆلاری کرد، بەڵام یەکێک لە مەرجەکانی فرۆشتنی ئەوەیە: نابێت نموونەی سێ رەهەندی (3D)ـی لەسەر ئێسکەپەیکەرەکەی دروستبکرێت.

تێریناسۆر، بە لاتینی ناوی تێرانۆسۆرووسە، جۆرێکی دایناسۆرە کلک درێژەکانە و بەنێوبانگترینیشیان تێریناسۆری رێکسە کە کورتکراوەکەی تی رێکسە، رێکس بە زمانی لاتینی واتا شا. ئەو جۆرە دایناسۆرە بەنێوبانگترین دایناسۆرن و بێڕکابەر بوون لە شەڕ. تی رێکس لە هەموو جۆرە دایناسۆرێکی دیکە زیاتر لێکۆڵینەوەی لەبارەوە کراوە.

Fly Erbil Advertisment