لە دیاربەکر ڕۆژی جیهانیی 'ئاشتی' یادکرایەوە؛ "40 ساڵە دڵمان دەسووتێت، ئیتر کاتی ئاشتییە"

لە یەکی ئەیلوول، بەبۆنەی ڕۆژی ئاشتی جیهانییەوە، هەردوو پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) و و هەرێمە دیموکراتییەکان (دەبەپە) و چەندان ڕێکخراوی دیکە لە دیاربەکر چالاکییەکیان ڕێکخست. 

لەم چالاکییەدا، ڕێپێوانێکی بەرفراوان ئەنجامدرا کە لە بەردەم گرتووخانەی کۆنی دیاربەکرەوە دەستی پێکرد. ئەم گرتووخانەیە بەو شوێنە ناسراوە کە ئەشکەنجەی قورسی کوردەکانی تێدا کراوە.

بەشداربووان جەختیان لەوە کردەوە کە دوای پڕۆسەیەکی دژوار و پڕ لە ئازار، ئێستا کات بۆ چارەسەرییەکی ئاشتییانە و هەمیشەیی هاتووەتە ئاراوە؛ ئەوان داوایان کرد، هەموو لایەنەکان لەم پڕۆسەیەدا بەشدار بن و هەنگاوی جددی بۆ سەرکەوتنی ئاشتی بنرێن.

 

لێدوانی ژمارەیەک ئافرەیی بەشداربوو، بۆ ماهر یوکسەل، پەیامنێری کوردستان24:

ئاسییە دەمیر: "ئێمە ئاشتی و چارەسەری دەخوازین. چل ساڵە شەڕە، منداڵەکانمان لە ژیان بێبەش بوون، دڵمان بۆ شەهیدەکانمان بریندارە."

ئەمینە ئاکسۆی: "ئێمە ئاشتی دەخوازین، شەڕ ناخوازین. لەم شەڕەدا دایکان زۆر دەناڵێنن، زۆر فرمێسک دەڕێژن، زۆر قوربانی دەدەن. دەبێت کۆتایی بەم ناخۆشیانە بێت."

خەدیجە ئۆزدەمیر: "ئەمڕۆ ڕۆژی ئاشتییە. ئێمە ئاشتی دەخوازین. با چیدیکە ڕۆڵەکانمان شەهید نەبن، با چیتر هیچ کەسێک نەکوژرێت. ئێمە ئاشتی دەخوازین، ئاشتی."

عایشە ئیدەن: "ئێمە داوا دەکەین کۆتایی بە کوشتن و قڕکردن بێت. ئێمە چارەسەرییەکی باش و یەکجارەکی دەخوازین. با ئەم شەڕە کۆتایی بێت."

'دەم پارتی' و 'دەبەپە'، تولای هاتیمئوغلاری و کەسکین بایندریش، بەشداری ڕێپێوانەکە بوون. 

 

دوای ڕێپێوانەکە، کەسکین بایندیر گوتارێکی پێشکەش کرد و داوای کرد کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمانی تورکیا سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بکات. هەروەها جەختی لەوە کردەوە، پێویستە هەنگاوی یاسایی بۆ مافە ڕەواکانی کورد بنرێت.

کەسکین بایندر گوتی "ئێمە چارەسەرییەکی ڕاستەقینە دەخوازین. چارەسەرییەکی ڕاستەقینە ئەوەیە کە بە زمانی خۆمان بژین و قسە بکەین. چارەسەرییەکی ڕاستەقینە ئەوەیە کە خاوەنی خاکی خۆمان بین. چارەسەرییەک کە هەموو گەلەکەمان لە خۆ بگرێت، بۆ بوونمان، بێ توندوتیژی و بێ مردن."

 
 
 
Fly Erbil Advertisment