بەلجیکا لەگەڵ داننان بە دەوڵەتبوونی فەڵەستین، بڕیاری سزادانی ئیسرائیل دەدات

ماکسیم پریڤۆ، وەزیری دەرەوەی بەلجیکا
ماکسیم پریڤۆ، وەزیری دەرەوەی بەلجیکا

جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی بەلجیکا، ماکسیم پریڤۆ لە پەیامێکدا لە پلاتفۆرمی ئێکس، پشتگیری وڵاتەکەی بۆ ڕاگەیاندنی دەوڵەتی فەڵەستین و سزادانی ئیسرائیل لە دانیشتنی داهاتووی ئەنجوومەنی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاگەیاند.

ماکسیم پریڤۆ ئەمڕۆ سێشەممە 2ی ئەیلوولی 2025، پەیامەکەی بڵاو کردووەتەوە و دەڵێت، بەلجیکا بە ناچاری ئەم هەنگاوە بۆ ڕاگرتنی کۆمەڵکوژی خەڵکی غەززە و پشێلکارییەکانی ئیسرائیل بەرانبەر یاسا نێودەوڵەتییەکان دەنێت؛ دەشڵێت؛ ئەمە هەنگاوێکیشە بۆ فشار خستنەسەر "تیرۆریستانی حەماس".

هەر لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی، 12 سزای قورس بەسەر ئیسرائیل دەسەپێندرێت، لەنێوانیاندا ئاڵوگۆڕکردنی بازرگانی و ڕاگرتنی یارمەتی بۆ ئەو بەلجیکیانەی لەو ناوچاونە دەژین، کە بەگوێرەی یاسای نێودەوڵەتی نایاسایین.

پریڤۆ ڕاشیگەیاندووە، ئەگەر هەیە دوو وەزیری ئیسرائیلی تووندڕەو و چەند سەرکردەیەکی حەماس بخرێنە لیستی ڕەشی بەلجیکا و گەشتکردنیان لێ قەدەغە بکرێت.

ئەم پەیامەی وەزیری دەرەوەی بەلجیکا لە کاتێکدایە، بڕیارە لە ڕۆژانی 9 تاوەکوو 23ی ئەم مانگە زنجیرە کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیۆیۆرک بەڕێوە بچێت، کە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس و دۆخی مرۆیی غەززە یەکێک بێت لە بابەتە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکان.

 
Fly Erbil Advertisment