شۆفێرانی بارهەڵگر ڕێگەی سەرەکیی سلێمانی – کەرکووکیان داخست
شۆفێرانی بارهەڵگر ڕێگەی سەرەکیی سلێمانی – کەرکووکیان داخست و داوای هەڵوەشاندنەوەی باج و سەرانە دەکەن.
بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، 02ـی ئەیلوولی 2025، ژمارەیەک شۆفێری بارهەڵگر لە بازگەی "چیمەن"ـی شاری کەرکووک گردبوونەوە و هەردوو ئاراستەی ڕێگەی سەرەکیی سلێمانی - کەرکووکیان داخست. ئەم داخستنە بووە هۆی قەرەباڵغییەکی زۆر و گیرخواردنی سەدان ئۆتۆمبێل لەسەر شەقامەکە.
شۆفێرانی بارهەڵگر کە ڕۆژانە کەلوپەل دەبەنە ناوەوەی کەرکووک، هۆکاری سەرەکیی ناڕەزایەتییەکەیان بۆ وەرگرتنی باج و سەرانە لە بازگەکانی کەرکووک گەڕاندەوە. بە گوتەی بەشێک لە شۆفێرەکان کە قسەیان بۆ هێمن دەلۆ، پەیامنێری کوردستان24 کردووە، جگە لەم باجانە، چەندان کاتژمێر لە نۆرەدا دەمێننەوە تا ڕێگەیان پێ دەدرێت بچنە ناو شارەکە.
یەکێک لە شۆفێرەکان ئاماژەی بەوە دا، ئەم کێشەیە چەندان ساڵە بەردەوامە. سەرەڕای بەڵێنەکانی پارێزگاری کەرکووک و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە بۆ چارەسەرکردنی، کێشەکە تا ئێستا بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە و هیچ هەنگاوێکی کردەیی بۆ نەنراوە.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، داخستنی ڕێگەی سەرەکیی سلێمانی – کەرکووک درێژەی هەبوو، و سەدان ئۆتۆمبێل لە هەردوو ئاراستەی کەرکووک-سلێمانی گیریان خواردبوو و نەیاندەتوانی لە بازگەکەدا تێپەڕن.
هاووڵاتییان داوا دەکەن کێشەی شۆفێرانی بارهەڵگر بە زووترین کات چارەسەر بکرێت بۆ ئەوەی چی دیکە ڕێگەی سەرەکی دانەخرێن و کێشەی هاتوچۆ دروست نەبێت.