دەرچووانی پزیشکی سوپاسی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی دەکەن
لەدوای بڕیارەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە دامەزراندنی 775 دەرچووی بەشی پزیشکی، دەست بە ڕێکارە یاساییەکان کراوە بۆ ئەوەی بە زوترین کات ئەم پزیشکانە لە بنکە تەندروستییەکان دەستبەکار بن و خزمەت بە هاووڵاتییان بگەیەنن.
بڕیارەکەی سەرۆکوەزیران بارزانی دڵی دەرچووانی بەشی پزیشکی ساڵی 2023-2024ـی خۆشکردووە، چونکە دامەزراندنیان بە شێوەی هەمیشەیی و لەسەر داهاتی ناوخۆیی، هیوایەکی نوێی پێبەخشین.
بەرزی دیار، نوێنەری دەرچووە دامەزراوەکان، لەبارەی ئەم بڕیارەوە دەڵێت: "زۆر سوپاسی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی دەکەین. دایکم بە هەواڵی دامەزراندنەکەم بەئاگای هێنام، زۆر دڵخۆشم، زیاتر لە ساڵ و نیوێکە چاوەڕێی ئەو بڕیارەم. لە ناو خێزانەکەمدا باوکم و سێ برام دکتۆرن و خوشکەکەشم لە بەشی دەرمانسازی دەخوێنێت، ئەم بڕیارە هەموو خێزانەکەمی دڵخۆش کرد."
ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی قەیرانی دارایی بووەتەوە و وەزارەتی دارایی عێراقیش بڕیاری داوە کە هیچ کەسێک بۆ سەر لیستی مووچە زیاد نەکرێت. سەرەڕای ئەم دۆخە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بڕیارەکەی دەرکرد بە مەبەستی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری زیاتر لە بنکە تەندروستییەکان.
د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "چەندان شاندمان بۆ بەغدا نارد و هەوڵیاندا دەرچووانی کۆلێژەکانی پزیشکی دابمەزرێنن، بەڵام بەغدا هیچ وەڵامێکی نەبوو. بۆیە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بڕیاری دامەزراندنیانی دا."
وەزیری تەندروستی ئاماژەی بەوەشدا، حکوومەتی عێراق دەبووایە لە پلەی وەزیفی بەشی هەرێمی کوردستانیش بدات، چونکە بەهۆی یاسای خانەنشینییەوە، ژمارەیەکی زۆری فەرمانبەرانی تەندروستی لە هەموو ناونیشانەکاندا خانەنشین بوون و بەهۆیەوە کەمیی میلاک لە زۆربەی نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکان دروست بوو.
د. سامان بەرزنجی دووپاتیشی کردەوە، دامەزراندنی دەرچووانی پزیشکی کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر خزمەتگوزاریی تەندروستی دەبێت. گوتیشی: "بە زوترین کات دەست بە ڕێکارەکانی دەستبەکاربوون بۆ دەرچووان دەکەن بۆ ئەوەی بێنە نێو سیستەمی تەندروستی. بڕیارەکە زۆر گرنگ بوو، بڕیارێکی فریاگوزاریی بوو بۆ سیستەمی تەندروستی."
جێی باسە، کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای دەستبەکاربوونییەوە، گرنگیدان و بەرەوپێشبردنی کەرتی تەندروستی کردووەتە خەمی سەرەکی و کارە لە پێشینەکانی خۆی. سەرەڕای قەیرانەکان و سەختی دۆخی ئابووری، هەروەها سنووردارکردنی هاوکارییە تەندروستییەکان لەلایەن حکوومەتی فیدراڵییەوە، دابینکردنی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان و بەهێزکردنی ژێرخانی تەندروستی، هەمیشە جێی بایەخ و کاری لە پێشینەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بووە.