یارییە کوردییەکان لە ئەڵمانیا زیندوو دەکرێنەوە

لە هەوڵێکدا بۆ پاراستن و زیندووکردنەوەی کەلتوور و یارییە کوردییەکان لە تاراوگە، کۆمەڵەی کوردی ئەڵمانی ڕۆژێکی تایبەتی بە یارییە کوردییەکان لە شاری شلیسڤیجی ئەڵمانیا ڕێکخست. 

ئامانجی سەرەکی ئەم چالاکییە، وەک ڕێکخەران ئاماژەی پێدەدەن، ئاشناکردنی منداڵانی کوردە بە میراتی کەلتووریی خۆیان.

گولێ ئیبراهیم، یەکێک لە بەشداربووان، بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، هاووڵاتییانی کورد زۆر هاوکارن لە بەڕێوەبردنی ئەم جۆرە چالاکییانەدا. ناوبراو هیواخوازە لە داهاتوودا زیاتر خزمەت بە کوردانی نیشتەجێی ئەڵمانیا بکەن و منداڵەکانیان زیاتر بە یارییە کوردییەکان ئاشنا بکەن.

شوان، بەشداربووێکی دیکە کە لەگەڵ کوردەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان کۆببووەوە، داوای کرد کە یادی بۆنە نیشتیمانییەکان زیاتر بکرێتەوە و چالاکیی لەم جۆرە پەرەی پێبدرێت تا منداڵانی کورد لە تاراوگە لە کەلتووری خۆیان دانەبڕێن.

کۆمەڵەی کوردی ئەڵمانی بە بەردەوامی چالاکی جۆراوجۆری کەلتووری کوردی لە شاری شلیسڤیج ئەنجام دەدات، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە دابڕانی منداڵانی کوردستانی لە کەلتووری ڕەسەنی خۆیان.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment