ئەردۆغان: سووریا بە تەنیا جێناهێڵین

ئەردۆغان: هەر کەس و لایەنێک هەوڵی تێکدانی پرۆسەی ئاشتی هەبێت، دەبێ باجەکەشی بدات

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا دوای سەردانەکەی بۆ چین، لە ڕێگەی گەڕانەوەی بۆ تورکیا لە نێو فڕۆکە لێدوانی بۆ ڕۆژنامەنووساندا و گوتی: هەر کەسێک هەوڵی تێکدانی پرۆسەی ئاشتی بدات، دەبێت خۆی بۆ باجەکەشی ئامادە بکات، گوتیشی "کورد برای ئێمەیە، لە هەر کوێیەکدا بژین، کەس ناتوانێت لە یەکترمان جیا بکاتەوە".

سەبارەت بە پەیوەندیی لەگەڵ کورد، ئەردۆغان ئاماژەیدا، کورد برای ئێمەیە، گرنگ نییە لە کوێدا دەژین، کەس ناتوانێت لە یەکتر جیامان بکاتەوە، وەک چۆن گۆشت لە ئێسک جیا ناکرێتەوە، ئێمە خاوەنی مۆڕاڵین و کەس ناتوانێت بۆسە بۆ تێکدانی ئەم برایەتییەمان دابنێتەوە، هەربۆیە ئەگەر بە وردی و عەقڵییەتیكی ژیرانە مامەڵە بکەین، هەموو کێشەیەک چارە دەبێت، بەڵام بەبێ بوونی ئیرادەیەکی باش، تەنانەت سادەترین کێشەش دەگاتە بنبەست.

ئەردۆغان جەختی کردەوە، کە کۆمیسیۆنی پشتیوانیی نیشتمانی و برایەتی و دیموکراسی کە لە پەرلەمانی تورکیا پێکهێنراوە، بە بەرفراوانیەوە بەردەوامە لە کارەکانی، بۆیە بڕوام وایە، دواجار کێشەیەکی 40 ساڵە لە تورکیا کۆتایی پێدێت.

گوتیشی: لە بارەی پرۆسەی ئاشتی و داهاتووی تورکیا، باشتر وایە گوێ بە دەنگۆکان نەدرێت، بەڵکو سەرنج بخرێتە سەر ئەو لێدوانە جددیانەی دەوڵەت دەیدات، ئێمە بە ڕوونی هەم نەخشە ڕێگاکەمان و هەم ئامانجمان دیاری کردووە؛ ئێستاش ئەو خەرجی و سەرچاوانەی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر تەرخان دەکران، لە بواری گەشەپێدان و بەرهەمهێنان و وەبەرهێنان و دامەزراندن بەکار دەهێنرێن. 

لە بارەی دۆخی سووریا و داهاتووی ئەو وڵاتە، ئەردۆغان ئاماژەی بەوەدا کە دەیانەوێت خۆشگوزەرانی و ئاشتییەکی هەمیشەیی لە سووریا بەدیبێت، دەشڵێت: نا ئارامییەکانی سووریا کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر تورکیاش دەبێت، بۆیە چاو لە ئاستی ئەو کەسانە داناخەین کە هەوڵی ئاژاوە و پشێوی نانەوە لە سووریا دەدەن، چونکە دەمانەوێت سووریا، بە هەموو پێکهاتەکانییەوە، یەکگرتوو بێت و بە یەکگرتوویی بمێنێتەوە.

ئەردۆغان ڕاشیگەیاند، "ئەحمەد شەرع سەرۆکی سووریا و ئیدارەکەی هاوڕای بۆچوونەکانی تورکیان، بۆیە سووریا بە تەنیا جێناهێڵین". 

هەروەها هۆشداریدا لەوەی ئومێدەوارە هیچ کەسێک هەوڵی تێکدانی دۆخی ناوخۆی سووریا نەدات، گوتی: ئەوانەی بەرژەوەندیان لە ئاژاوەگێڕیدا هەیە، ئەمجارە دەدۆڕێن، چونکە گەلی سووریا، بە هەموو پێکهاتەکانەوە، جا عەرەب، کورد، تورکمان، عەلەوی، سوننە، یان مەسیحی بێت، بە یەکەوەن و سەردەکەون، ئەوەیشی هەوڵی تێکدانی دۆخەکە بدات، دەبێت باجەکەی دەدات.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment