محەممەد کەمال: لە دابەشکردنی پۆستەکانی کەرکووکدا ناهەقییەکی زۆر بەرانبەر کورد کراوە
بەرپرسی لقی سێی پارتی لە کەرکووک ڕایدەگەیەنێت، لە دابەشکردنی پۆستەکانی شارەکەدا ناهەقییەکی زۆر بەرانبەر کورد کراوە، هەر بۆیە بەشداریی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی پارێزگا ناکەن.
سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڕەشەی گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی لەدژی ئەو ئەندامانە کردووە کە ئامادەی کۆبوونەوەکان نابن، ئەمەش ململانێ سیاسییەکانی پارێزگاکە لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان زیاتر قوڵ کردووەتەوە.
ئەم هەڕەشەیە لە کاتێکدایە کە هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی کەرکووک لە مانگی ئابی ساڵی ڕابردوو لە هۆتێل ڕەشید لە بەغدا پێکهێندرا و ئەنجوومەنی پارێزگا دەستی بە کارەکانی کرد.
ناهەقی بەرانبەر کورد و ناڕەزایەتی پارتی
لەسەر بابەتی دابەشکردنی پۆستەکانی ئەنجوومەنەکە، ئەمڕۆ سێشەممە، 02ـی ئەیلوولی 2025، محەممەد کەمال، بەرپرسی لقی 3ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک، بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، ناهەقییەکی زۆر بەرانبەر کورد کراوە و هەر بەو هۆکارەشەوە پارتی دژی شێوازی دابەشکردنی پۆستەکان وەستاوە. جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە، ئەندامانی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەوامی فەرمی خۆیان دەکەن، بەڵام بەشداری لە کۆبوونەوەکان ناکەن.
محەممەد کەمال ئاماژەی بەوەشدا کە پارتی تاکە لایەن نییە کە بەشداری کۆبوونەوەکان ناکات، بەڵکوو چەند ئەندامێکی عەرەب و بەرەی تورکمانیش بە هەمان شێوە ئامادەی دانیشتنەکان نابن. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ناڕەزایەتییەکان فراوانترن لە یەک لایەنی سیاسی.
سەرپێچی یاسایی لە کۆبوونەوەکاندا
لەسەر ڕێکارەکانی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکان، محەممەد کەمال ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەی یەکەمدا، بەپێی یاسا دەبوو بەتەمەنترین ئەندام سەرۆکایەتی دانیشتنەکە بکات و ئەندامە براوەکانی ئەنجوومەن بانگهێشت بکات بۆ ئامادەبوون؛ بەڵام، لە کۆبوونەوەی دووەمدا، "بەتەمەنترین ئەندام، نە خۆی بانگهێشت کراوە نە بانگهێشتی کەسیشی کردووە،" کە ئەمەش بە سەرپێچی یاسای هەڵبژاردنەکان دادەنێت.
"سزاکان سیاسیین نەک یاسایی"
سەبارەت بە هەڕەشەی ڕێکاری یاسایی، محەممەد کەمال پێی وایە کە بابەتی سزای دژی لیستەکەی پارتی تەنیا مەسەلەیەکی سیاسییە و یاسایی نییە. ئەو وەک بەڵگە ئاماژەی بەوە کرد کە لە ساڵی 2005دا لیستێکی عەرەبی ماوەی دوو ساڵ ئامادەی دانیشتنەکان نەبوو، بەڵام دواتر کە پۆستی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنیان پێدرا گەڕانەوە نێو کۆبوونەوەکان. هەروەها، بەرەی تورکمان تاکو چوار ساڵ ئامادەی کۆبوونەوەکان نەبوو، بەڵام هیچ جۆرە کاردانەوەیەکی یاسایی بەرانبەر هەردوو لیستەکە نەبینرا.
پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی و دابەشکردنی پۆستەکان
لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، بەرپرسی لقی سێی پارتی ئاشکرای کرد، پێشتر دانیشتنیان لەگەڵ یەکێتی کردووە، بەڵام "وادیارە ئەوان لەپشتی پەردەوە دانووستانیان لەگەڵ لیستی حەلبووسی (تەقەددوم) و چەند لیستێکی دیکە کردووە و دیارە بەو جۆرە پێکهاتوون کە بیبەنە کونجی هۆتێلێک لە بەغدا کە ئەمەش بە هیچ جۆرێک شەرعییەتی نییە.""
بەرپرسی لقی سێی پارتی جەختیشی کردەوە، هیچ دادپەروەرییەک نییە لە دابەشکردنی پۆستەکاندا، وەک خۆیان لەدوای کۆبوونەوەکەی هۆتێل ڕەشید لە تەلەڤزیۆنەوە دەرکەوتوون و دەڵێن "تەنیا پۆستی پارێزگارمان بۆ کورد هێشتووەتەوە کە ئەویش هیچ دەسەڵاتێکی نییە."
داوای یەکڕیزی و پاراستنی کورد لە کەرکووک
محەممەد کەمال ئاماژەی بەوەشدا کە پارتی، بڕوای بە پێکەوەژیان هەیە و تەنیا داوای یەکڕیزی دەکات. ئەو هۆشداریدا کە کورد مەترسی لەسەرە و زەوییەکانی داگیرکراوە و ڕۆژانە بە چەک هێرش دەکرێتە سەر زەوی باوباپیرانیان کە بە نایاسایی لە سەردەمی سەددام حسێن گرێبەستیان بۆ کرابوو. کەمال جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە نەک تەنیا کورد، بەڵکوو بەشێک لە تورکمان و عەرەبیش ناهەقییان بەرانبەر کراوە لەم پرۆسەیەدا.