جۆشوا هاریس وەک کاربەڕێکەری نوێی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا دەستبەکار بوو

جۆشوا هاریس، لە جێگەی ستیڤن فاگن وەک کاربەڕێکەری نوێی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا دەستبەکار بوو.

سێشەممە 2ی ئەیلوولی 2025، باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) بڵاوی کردووەتەوە، جۆشوا هاریس، وەک کاربەڕێکەری نوێی باڵیۆزخانەکە دەستبەکار بوو.

ئاماژەشی داوە، "دلخۆشین بە گەڕانەوەی هاریس بۆ عێراق"، ئەو بە پەرۆشە بۆ ئەوەی لە نزیکەوە کار لەگەڵ هاوبەشەکانی عێراق و ستافی باڵیۆزخانەکەی لە بەغدا و هەولێر بکات، بۆ ئەوەی هاوبەشی نێوان ئەمەریکا و عێراق بەهێزتر بکات و ئامانجەکانیان بەدەستبهێنن.

 

پێشتر، باڵیۆزخانەکە ئاماژەی دابوو، جۆش هاریس، جێگری پێشووی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، لە جێگەی ستیڤن فاگن دەستبەکار دەبێت.

باڵیۆزخانەکە ڕایگەیاندبوو، متمانەی تەواویان بە هاریس هەیە بۆ بەردەوامیدان بە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و عێراق.

جۆش هاریس دیپلۆماتکارێکی پیشەگەری کارا و ئەندامی باڵای خزمەتگوزاری دەرەوەی ئەمەریکایە. ئەو خاوەنی ئەزموونێکی دەوڵەمەندە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا.

هاریس لە 18ی تەمموزی 2022 ئەرکی جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی بۆ کاروباری وڵاتانی جەزائیر، میسر، لیبیا، مەغریب و تونس وەرگرتبوو و لە 5ی ئابی 2025 کۆتایی بە کارەکانی لەو پۆستەدا هات.

پێشتر و لە نێوان ساڵانی 2021-2022، لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی کۆشکی سپی، بەڕێوەبەری کاروباری باکووری ئەفریقا بووە و هەماهەنگی بۆ داڕشتن و جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی ئەمەریکای کردووە لە ناوچەی مەغریبی عەرەبی.

شارەزایی هاریس لە دۆسیەی عێراقدا بۆ ئەزموونی پێشووتری دەگەڕێتەوە، کاتێک وەک بەڕێوەبەری دۆسیەی عێراق لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی و هەروەها بەڕێوەبەری سیاسەتەکان لە نوێنەری تایبەتی سەرۆک بۆ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش کاری کردووە.

ئەزموونە دیپلۆماسییەکانی دیکەی هاریس بریتین بوون لە کارکردن لە باڵیۆزخانەکانی ئەمریکا لە بەغدا، تەرابلوسی پایتەختی لیبیا، لیوبلیانا لە سلۆڤینیا و زاگرێب لە کرواتیا. لە نێوان ساڵانی 2019 بۆ 2021، چەندین جار پۆستی جێگری سەرۆکی شاند و کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکای لە لیبیا بەڕێوەبردووە.

جۆش هاریس دەرچووی کۆلێژی 'ئێدمۆند ئەی واڵش' بۆ خزمەتگوزاریی دەرەوە لە زانکۆی جۆرج تاون و هەروەها کۆلێژی ئابووری و زانستە سیاسییەکانی لەندەن (LSE)ە. ناوبراو جگە لە زمانی ئینگلیزی، بە زمانەکانی عەرەبی، کرواتی، فەرەنسی، ئیتاڵی، پۆڵەندی و سلۆڤینی قسە دەکات.

دانانی هاریس لەم پۆستەدا لە کاتێکی هەستیاردایە کە پەیوەندییەکانی نێوان واشنتون و بەغدا ڕووبەڕووی چەندین ئاڵنگاری بووەتەوە، لەوانە پرسی مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان، هەڕەشەی گرووپە چەکدارەکان و پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی.

 
 
Fly Erbil Advertisment