زیاتر لە 900 هەزار مووچەخۆر لە 'هەژماری من' تۆمار کراون

دانانی ئامێرەکانی ڕاکیشانی پارە لە چوارچێوەی پرۆژەی 'هەژماری من' زیاتر دەکرێن و سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان لە خزمەتگوزارییە بانکییەکان سوودمەند دەبن.

بە گوێرەی ئامارەکانی تیمی 'پرۆژەی هەژماری من'؛ زیاتر لە 580 ئامێری ڕاکێشانی پارە لە 200 بنکە و شوێنی جیاواز لە هەرێمی کوردستان جێگر کراون، بڕیاریشە ژمارەکە بەرز بکرێتەوە بۆ 1000 ئامێر.

ئامارەکان دەریدەخەن؛ ئێستا زیاتر لە 900 هەزار مووچەخۆر لە 'هەژماری من' سوودمەندن، لەو ژمارەیەش زیاتر لە 540 هەزار کارتی بانکی دابەش کراون. بۆ ئەم مانگە 465 هەزار مووچەخۆر مووچە لە رێگەی 'هەژماری من' وەردەگرن.

ئەمە لە کاتێکدایە، وەک بەشێک لە هەوڵەکان بۆ زامنکردنی داهاتوویەکی گەشتر بۆ کوردستانیان، حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی "هەژماری من"ەوە دەستی کردووە بە پرۆسەی بە بانکیکردن بۆ بەدیهێنانی گشتگیری دارایی بۆ هاووڵاتییان.

ئەم پرۆژەیە دڵنیایی دەدات لەوەی سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، دەستیان بە خزمەتگوزارییە سەردەمییەکانی بانک دەگات و دەبنە خاوەن ئازادی زیاتری تاکە کەسی.

 
Fly Erbil Advertisment