توركیا لامه‌ركه‌زییه‌ت لە سووریا ڕه‌ت ده‌كاته‌وه‌

گوتەبێژی ئاکپارتی دووپاتی کردەوە، لامەرکەزییەت بۆ سووریا بە مانای چوارچێوەیەکی تیرۆریستی دێت، بۆیە تورکیا هەرگیز ڕێگە نادات ئەو شتە ڕوو بدات.

سێشەممە 2ـی ئەیلوولی 2025، عومەر چەلیک، گوتەبێژی ئاکپارتی لەبارەی پرۆسەی ئاشتی وڵاتەکەی، گوتی: هەندێک وڵات هەوڵی تێکدانی پرۆسەی ئاشتی دەدەن، بەڵام ئێمە بڕیارمان داوە درێژە بە پرۆسەکە بدەین تا دەگەینینە ئەنجام.

دەشڵێت: برایەتی تورک و کورد هیچ پەیوەندییەکی بە تیرۆرەوە نییە. هاوکات لەبارەی پەرەسەندنەکانی سووریا، چەلیک، ئاشکرای کرد، ڕێگریکردن لە چەک دانانی درێژکراوەکانی پەکەکە لە سووریا، هەوڵێکە بۆ وەستاندنی پرۆسەی ئاشتی.

گوتیشی: لامەرکەزییەت بۆ سووریا بە مانای چوارچێوەیەکی تیرۆریستیی دێت، بۆیە تورکیا هەرگیز ڕێگە نادات ئەو شتە ڕوو بدات.

هەر ئەمڕۆ، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی مەهەپە، ڕایگەیاند: هە رچەشنە هەوڵدانێک لە سووریا لە ژێر ناوی فیدڕاڵین یان دابەشکردنی وڵاتەکەی هەڕەشەیەکی جیددیە،  ڕووبەڕووبوونەوەی تورکیا دژ بەو پڕۆژانە "ڕەوا و پیرۆزە.

باسی لەوەش کردووە، پێویستە هەسەدە پابەندیی رێککەوتنی 10ـی ئادار بێت کە لەگەڵ حکومەتی سووریا ئەنجامی داوە، بە پێچەوانەوە هێرشی سەربازی بۆ سەر ئەم هێزانە بە ئیرادەی هاوبەشی ئەنقەرە و دیمەشق دەبێتە شتێکی حەتمی.

 
 
Fly Erbil Advertisment