ڕووسیا: زێلێنسکی و وڵاتانی ئەورووپا ڕێگرن لە بەردەم کۆتاییهێنان بە قەیرانی ئۆکرانیا

سەرۆکی کۆمیتەی پاراستنی سەروەری دەوڵەت و ڕێگریکردن لە دەستوەردان لە کارووباری ناوخۆی ڕووسیا، لە بارەی هەوڵەکان بۆ ڕێکخستنی دیداری لووتکەی نێوان پوتین و زیلێنسکی و کۆتایهێنان بە جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا، گوتی: خودی زیلێنسکی و وڵاتانی ئەورووپا بەربەستن لەبەردەم دیدارەکە و کۆتایهێنان بە قەیرانەکە. 

ئەندرێی کلیمەڤ، سەرۆکی کۆمیتەی پاراستنی سەروەری دەوڵەت و ڕێگریکردن لە دەستوەردان لەکارووباری ناوخۆ لە ئەنجوومەنی فیدڕالی رووسیا بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند،  ژماردنی ئەو هۆکارانەی کە ڕێگر نین بۆ ئەنجامدانی دیداری سێقۆڵی، کەمترە لەو بەربەستانەی بۆی دروستدەکەن، ئەوانەی خوازیارن ئەم دیدارە سەرنەگرێت کەم نین، خودی زێلێنسکی پێویستی پێی نییە، وڵاتانی نادۆستی وەک بەریتانیاش لە کیشوەری ئەورووپا نیگەرانن بە دیداری لەم چەشنە، هاوکات ناحەز، لە دەرەوەی ئەوروپاش هەیە.

ئاماژەی بەوەش کرد، هۆکاری دیکەی وەک شانۆی سەربازی و پرووپاگەندەی میدیایی زۆر هەیە بۆ بەرگرتن بە ئەنجامدانی ئەم چەشنە دیدارانە، واتە لە پشتی پەردەوە لایەن زۆرن کە بە میتۆدی جیاجیا کار بۆ پەکخستنی دیدارێكی وا دەکەن، ئامادەن پەنا بۆ کاری خوێناوی و فرتوفێڵ ببەن تا هەنگاوی ئەرێنی بە ئاراستەی ئاشتی، ئیفلیج بکەن.

ئەندرێی کلیمەڤ گوتیشی: سازدانی دیداری لەو چەشنە ئامادەسازی دەوێت، پاشان ئێمە بەردەوام باسمان لە ڕەوایەتی سەرۆکایەتی ئەو کردووە، چونکە پێمان وایە ماوەی بەسەرچووە و دەسەڵاتەکەشی لەگەڵیدا تەواو بووە، بۆیە دەبێت گەرەنتی ئەوە هەبێت کە واژۆی ئەو حسابی لەسەر دەکرێت پاشتر، ئەگەر بۆ کاتژمێریش بێت، ئەم گەرەنتییە بە وڵاتی سێهەم دابیندەکرێت، بەنمونە ئەمەریکا، یان بە نوسراوی فەرمی پەرلەمانی ئۆکراینا بێت، چونکە ئەوان ڕەوایەتییان زیاترە.

هەینی 15ی ئابی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا و ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا لەبارەی ئاشتی و ئاگربەستی ڕێککەوتنی ئۆکرانیا و چەند پرسێکی دیکە لە ویلایەتی ئالاسکا کۆبوونەوە.

دوای کۆتایی هاتنی لووتکەی ئالاسکا، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا گوتی: گفتوگۆکان لەگەڵ سەرۆک ترەمپ لە کەشێکی بنیاتنەر و ئەرێنیدا بەڕێوەچوو

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا، بە فۆکس نیووزی ئەمەریکی ڕاگەیاندبوو، "10 لە 10" دەدەمە کۆبوونەوەکە.

دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوەش کردبوو، لەگەڵ پوتن دانوستانم کرد سەبارەت بە پرسگەلێک لەوانە ناتۆ و ڕێوشوێنە ئەمنییەکان و پرسی خاک. گوتیشی: پێموایە زۆر نزیک بووینەتەوە لە گەیشتن بە ڕێککەوتن.

دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرکردەکانی ئەورووپا و سەرۆکی ئۆکرانیا کرد، سەرکردەکانی ئەورووپا ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە و ئاماژەیان دا، ئەورووپا پشتیوانی کۆبوونەوەی سێقۆڵی زێلێنسکی، پوتن و ترەمپ دەکات.

 
 
 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment