شاندی هەرێمی کوردستان بۆ مووچەی مانگی حەوت و داهاتی نانەوتی دەچنە بەغدا

ئێوارەی ئەمرۆ تیمی تەکنیکی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی داهاتی نانەوتی و مووچەی مانگی حەوت دەچنەوە بەغدا.
بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە، 3ـی ئەیلوولی 2025، شاندی تەکنیکی هەرێمی کوردستان، بۆ پرسی داهاتی نانەوتی و مووچە و شایستە داراییەکانی مانگی حەوتی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، سەردانی بەغدا بکەن.
ئەمە لەکاتێکدایە ڕۆژی دووشەممە، 1ـی ئەیلوولی 2025، مووچەی مانگی حوزەیران 'شەش'ـی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە ڕەوانەی سەر هەژماری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان کرا.
هاوکات لە هەمان ڕۆژ لیستی مووچە لەلایەن وەزارەتی دارایی بڵاوکرایەوە و مووچەی مووچەخۆران لە ڕێگەی هەژماری منەوە دابەشکرا.
سێشەممە 2ـی ئەیلوولی 2025، شڤان جەباری، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا، لە بارەی کۆبوونەوەی نێوان شاندی حکوومەتی هەرێم و وەزارەتی نەوتی فیدراڵ، گوتی: هەردوولا باسیان لە دوو خاڵی ناکۆک کردووە کە تا ئێستا ڕێککەوتنی لەسەر نەکراوە.
کوردستان24 زانیویەتی، حکوومەتی هەرێم داوا دەکات بۆ گواستنەوەی هەر بەرمیلە نەوتێک لە کێڵگە نەوتییەکانەوە بۆ بۆریەکانی بەندەری جەیهان، بڕی یەک تا سێ دۆلار دیاریی بکرێت، بەڵام وەزارەتی نەوتی فیدراڵ ئامادە نییە ئەو بڕە پارەیە بدات.
بە گوێرەی زانیارییەکانی شڤان جەباری، شاندی حکوومەتی هەرێم، داواکاری کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێمیان بە وەزارەتی نەوتی فیدراڵ گەیاندووە، کە تێیدا کۆمپانیاکان داوای ڕێککەوتنێکی تۆکمە دەکەن، هاوشێوەی گرێبەست دڵنیایی بدات لە پێدانی 16 دۆلار بۆ تێچووی دەرهێنانی هەر بەرمیلە نەوتێک بە بەردەوامی.
شڤان جەباری، ئەوەشی خستە ڕوو، وەزارەتی نەوتی فیدراڵ ئامادە نییە بۆ واژۆکردنی ڕێکەوتنەکە کە دڵنیایی بە کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێم بدات، هەروەها ئەو کارە بە ئەرکی وەزارەتە سامانە سروشتییەکان دەزانێت.
بە پێی زانیارییەکان، شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە بەغدا.