سیاسەتمەدارانی کورد لە ئەدای کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمانی تورکیا ناڕازین

لە تورکیا و باکووری کوردستان ڕا و بۆچوونی جیاواز لەسەر کارایی و ئەنجامەکانی کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمانی تورکیا هەن کە تایبەت بە پرۆسەی نوێی ئاشتی پێکهێنراوە. 

هەرچەندە بەرپرسانی تورکیا ئاماژەیان بەوە کردووە، دەبێت مافەکانی گەلی کورد پارێزراو بن؛ بەڵام سیاسەتمەدارانی کورد پێیانوایە، کۆمیسیۆنەکە تا ئێستا لە چارەسەرکردنی پرسی کورددا جدی نەبووە و وەک پێویست بایەخی بە زمانی کوردیش نەداوە.

عەبدولهای ئۆکوموش، جێگری سکرتێری کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ و دیموکراتەکانی کورد، دەڵێت "تا ئێستا نوێنەرانی دەم پارتی لە کۆمیسیۆنەکەدا هەڵوێستێکی بەهێزیان نەبووە. دەبووایە  پرسی کوردیان کردبایە پرسی سەرەکیی کارەکانی کۆمیسیۆن. پرسێکی نەتەوەیی بەمشێوەیە چارەسەر ناکرێت. گەلی کورد هیچ هیوایەکی بەم کۆمیسیۆنە نییە و پێویستە نوێنەرانی کورد بە جددی کار بۆ مافی گەلی کورد بکەن."

حەنیف ئێرن، جێگری سەرۆکی 'هاکپار'ـیش ئاماژەی بەوە کرد، کۆمیسیۆنەکە تا ئێستا هیچ شتێکی بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد نەکردووە، بەڵکوو تەنها لەسەر کێشەی پەکەکە و دانانی چەک کاردەکات. ئەو گوتی: "کۆمیسیۆنەکە تا ئێستا کارەکانی وەک ئەوەی ئێمە چاودێری دەکەین، تەنیا لەسەر پەکەکە، لەسەر دانانی چەک و لەسەر کێشەی چەکداری کورد وەستاوە."

پارتە کوردییەکان ڕایانگەیاندووە کە ئەگەر کۆمیسیۆنەکە لە داهاتوویەکی نزیکدا هەنگاوێکی جیددی بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد نەنێت، ئەوا بە تەنها بەفیڕۆدانی کات و خۆڵکردنە چاوی گەلی کورد دادەنرێت.

 
 
Fly Erbil Advertisment