دەرگای گۆڕینی کاندیدان داخرا؛ کاری داهاتووی کۆمیسیۆن چی دەبێت؟

ژمارەیەک کارمەندی کۆمیسیۆن
ژمارەیەک کارمەندی کۆمیسیۆن

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە، 03ـی ئەیلوولی 2025ـەوە، دەرگای گۆڕانکاری و لەجێگەدانانی کاندیدانی هەڵبژاردنی پەرلەمان داخرا.

مەروان محەممەد، بەرپرسی لقی هەولێری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە هۆشمەند سادق، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "وەک پارێزگای هەولێر هیچ کاندیدێکمان نەبووە بەهۆی لێپرسینەوە دوورخرابێتەوە؛ تەنیا دوو کاندید دوورخراونەتەوە کە پەیوەندی بە ژمارەی ئافرەتانی نێو لیستەکەدا هەبووە".

مەروان محەممەد ئاماژەی بەوەش دا، ئەو کاندیدانەی دوورخراونەتەوە مافیان هەیە لە ماوەی سێ ڕۆژی داهاتوودا تانە پێشکەش بکەن. دوای یەکلاییبوونەوەی تانەکان، لیستی کۆتایی ناوی کاندیدان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق پەسەند دەکرێت.

 

دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن

بەرپرسی لقی هەولێری کۆمسیۆنی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، لە 09ـی ئۆکتۆبەری داهاتوو، دەست بە بانگەشەی هەڵبژاردن دەکرێت و "تا ئێستاش هیچ سکاڵایەک لە دژی هیچ کاندیدێک کە سەرپێچی ڕێنماییەکانی کردبێت، بەدەستمان نەگەیشتووە."

سەبارەت بە تیروپشکی وەرگرتنی کارمەند بۆ ڕۆژی دەنگدان، مەروان محەممەد ڕایگەیاند، بڕیارە لە 10ی ئەیلوول تیروپشک لەسەر ناوەکان بکرێت و لە هەولێر نزیکەی 15 هەزار کەس وەک کارمەند وەردەگیرێت.

 

"وۆرکشۆپێکی سێ ڕۆژی"

ناوبراو ڕوونیشی کردەوە کە ئێستا خەریکی جێبەجێکردنی پلانی کارکردنی خۆیانن، لە دیزاینکردنی پۆستەرەکانەوە تا ئەو نامیلکانەی کە پەیوەندییان بە کاندیدەکانەوە هەیە. ڕوونیشی کردەوە "سەرجەم بازنەکانی 18 پارێزگاکەی عێراق لە هەولێر کۆبوونەتەوە بە ئامانجی وەرگرتنی وۆرکشۆپێکی سێ ڕۆژیی لەبارەی ڕێکارەکانی دەنگدان، بە مەبەستی کەمکردنەوەی ئاستەنگ و کێشەکانی ڕۆژی دەنگدان، بە تایبەتیش کێشە تەکنیکییەکان."

 

کارتەکانی نوێی دەنگدان

لەبارەی کارتی دەنگدانیشەوە، مەروان محەممەد ئاماژەی بەوە دا، لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلوول ئەو کارتانەی نوێکراونەتەوە تەواو دەبن و دەگاتە دەست هاووڵاتییان. لەگەڵ ئەوەشدا لە ئێستادا، نزیکەی 20 هەزار کارتی دەنگدان لە کۆمسیۆن ئامادەیە و تایبەتە بەو هاووڵاتییانەی لە ساڵانی 2018 تا ئێستا کارتەکانیان وەرنەگرتووەتەوە، دەتوانن سەردانی بنکەکانی دەنگدان بکەن و کارتەکانیان وەربگرنەوە.

ناوبراو باسی لەوەش کرد، تەنیا لە هەولێر نزیکەی 528 بنکەی دەنگدانی گشتی و تایبەتی هەیە و نزیکەی 2000 وێستگەی دەنگدانیش هەن.

 
 
Fly Erbil Advertisment