لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک وەزیران، 25 گەنجی کورد لە لیبیاوە دەگەڕێنرێنەوە

بە هاوکارى و هەماهەنگى نێوان باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا و فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکوومەتى هەرێم توانرا سۆراغى 25 گەنجی هەرێمی کوردستان لەو وڵاتە بکرێت و ئازاد بکرێن.
چوارشەممە، 3ـی ئەیلوولی 2025، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند "دواى ئازادبوونیان، گەنجەکان لەڕێگەى 'ڤیدیۆ کۆڵ'ەوە ڕاستەوخۆ لەگەڵ بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە دووان و سوپاسی بەرپرسی فەرمانگەو حکوومەتی هەرێمیان کرد کە لەخەمی هاووڵاتی هەرێمدا بوون و توانیان دەربازیان بکەن."
سەفین موحسین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە "خۆشحاڵی خۆی نیشان دا کە سەرجەم گەنجەکان سەلامەتن و سوپاسی دکتۆر ئەحمەد ئەلسەحاف هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی عیراقی لە تەرابلوس کرد، کە هەمیشە هاوکار بووە لەگەڵ فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بۆ ئەم جۆرە پرسانە."
فەرمانگەکە دووپاتی کردووەتەوە "لەسەر راسپاردە و پشتگیرىی مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان رێکارەکانى گەڕانەوەى ئەو گەنجانە بۆ هەرێمى کوردستان تەواو کران و پاسپۆرت و تیکتى گەڕانەوەیان بۆ دابین کرا. بڕیارە رۆژى 10ى ئەم مانگە بگەڕێنەوە هەرێمى کوردستان."
جێگەى باسە لە مانگى ڕابردووش بە هەماهەنگی نێوان فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و باڵیۆزخانەی عیراق لە لیبیا، توانرا شەش گەنج لە بەندیخانەکانی ئەو وڵاتە ئازاد بکرێن و بگەڕێنرێنەوە هەرێمی کوردستان.