بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر هەوڵێکی ڕاکردنی خێزانەکانی داعشی لە کەمپی هۆل پووچەڵ کردەوە

بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر ئاماژەی دا، ژمارەیەک کەس لە خێزانەکانی داعش هەوڵییان داوە بە ئۆتۆمبێڵ لە کەمپی هۆل ڕابکەن، بەڵام لەلایەن هێزەکانیان ڕێگریان لێکراوە و دەستگیر کراون

چوارشەممە 3ـی ئەیلوولی 2025، بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، دوێنێ هێزەکانیان هەوڵێکی ڕاکردنی خێزانەکانی داعش لە کەمپی هۆل لە باشووری حەسەکە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا پووچەڵ کردووە، کە ژمارەیان 56 کەس بووە.

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا باسی لەوەش کردووە، ئەو کەسانە هەوڵیان داوە لە ڕێگەی بارهەڵگرەوە ڕابکەن، بەڵام هێزەکانیان ڕێگریان لە بارهەڵگرەکان گرت، کە هەوڵییان دەدا بە نێو دەروازەی سەرەکیی کەمپی هۆڵدا برۆن و دواتر هەموویان دەستگیر کران.

جیهان حەنان بەڕێوەبەری کەمپی هوڵ لە مانگی ئابدا بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندبوو، کەمپەکە نزیکەی 27 هەزار کەسی تێدایە، لەنێویاندا نزیکەی 15 هەزار سووری و نزیکەی شەش هەزار و 300 ئافرەت و منداڵی بیانی لە 42 نەتەوەی جیاواز هەن، جگە لە نزیکەی 5 هەزار عێراقی.

ڕۆژی پێنجشەممە 28ـی ئابی 2025، 232 خێزانی عێراقی کە 850 کەس دەبن، کەمپی هۆلیان لە باشووری حەسەکە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا بەجێهێشت، پرۆسەکەش لەچوارچێوەی گەڕانەوەی خۆویستانەی پەنابەرانە بە هەماهەنگی لەگەڵ ئیدارەی خۆسەر و حکوومەتی عێراق.

بەپێی زانیارییەکانی ئیدارەی کەمپەکە، ئەو کاروانەی گەڕاندنەوەی خێزانە عێراقییەکانی کەمپی هۆل بۆ وڵاتەکەیان، دەبێتە 19 هەمین کاروان، دەبێتە 12 هەمین کاروانی ئەمساڵیش.

کەمپی هۆل، بە یەکێک لە ناوچە هەرە مەترسیدارەکان دادەنرێت و بەردەوام شانە نوستووەکانی داعش هەوڵی خۆڕێکخستنەوە و ئەنجامدانی کردەوەی تێکدەرانەی تێدا دەدەن، هێزەکانی سووریای دیموکرات بە پشتیوانی هاوپەیمانان بە شێوەیەکی بەردەوام ئۆپەراسیۆنی کێوماڵکردن بۆ لەناوبردنی ئەو شانانە ئەنجام دەدەن.

کەمپی هۆل، دەکەوێتە باشووری شارۆچکەی هۆل لە پارێزگای حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستان، کەمپەکە کەوتووەتە ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی خۆسەر، هێزەکانی سووریای دیمەکرات (هەسەدە) پاسەوان و بەڕێوەبەری کاروباریی تەناهیی کەمپەکەن.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment