ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم: ئێران دەتوانێت 10 بۆمبی ئەتۆمی دروست بکات

ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە نوێترین ڕاپۆرتیدا ئاماژەی داوە، ڕێژەی یەدەگی یۆرانیۆمی پیتاندراوی ئێران گۆڕانکاری بەسەر ناهاتوو و هەر هەمان ڕێژەی پێش جەنگی ئێران و ئیسرائیلە، کە ڕێژەکە 60% بوو، بەمەش دەتوانن 10 بۆمبی ئەتۆمی دروست بکەن.

چوارشەممە 3ـی ئەیلوولی 2025، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ڕاپۆرتێکی نهێنی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بەدەست گەیشتووە کە تێیدا هاتووە، یەدەگی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران گەیشتووەتە 60% و نزیکە لە ئاستی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی.

ڕاپۆرتەکەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم (IAEA) باس لەوەش دەکات، لە 13ی حوزەیران، بەر لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران یەدەگی یۆرانیۆمی لە شێوەی هێگزافلۆرایدی یۆرانیۆم، کە دەتوانرێت لە ڕێگەی ئامێری سێنتەرفیوجەوە زیاتر بپیتێنرێت، بە 440.9 کیلۆگرام خەمڵێنراوە، بەمەش دەتوانن 10 بۆمبی ئەتۆمی دروست بکەن.

هەروەها ئاماژەشی داوە، بەهۆی جەنگی ئێران و ئیسرائیل کشانەوەی پشکنەرەکانیان کارێکی پێویست بوو، هاوکات ئیدانەی بڕیاری ئێران بۆ هەڵپەساردنی هەماهەنگییەکانی لەگەڵ ئاژانسەکە کرد.

شەممە 31ـی ئایاری 2025، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاوی کردبووە، ڕاپۆرتێکیان لە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بە دەست گەیشتووە کە بۆ ئەندامانی خۆی ناردبوو و تێیدا هاتبوو "ئێران بە نهێنی لە سێ بنکەی ئەتۆمی دەستی بە دروستکردنی چەکی ئەتۆمی کردووە."

لە ڕاپۆرتێکی دیکەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیدا هاتبوو "ئێران ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆمی گەیاندووتە %60، بەم ئاستە، تاران دەتوانێت نۆ بۆمبای ئەتۆمی دروست بکات.

هێرشەکەی ئەمەریکا بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران

بەرەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە، 22-06-2025، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا هەر سێ بنکەی ئەتۆمیی (فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان)یان لە ناوخۆی ئێران بۆمباران کرد.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لەبارەی هێرشەکەیان بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی 'ئێکس' نووسیویبووی "ئێمە، هێرشە زۆر سەرکەوتووەکەمان بۆ سەر سێ بنکە ئەتۆمییەکەی ئێران تەواو کرد، کە بریتی بوون لە فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان. هەموو فڕۆکەکان ئێستا لە دەرەوەی ئاسمانی ئێرانن. بارێکی تەواو لە بۆمب بۆ سەر بنکە سەرەکییەکە واتە فۆردۆ، خرایە خوارەوە."

هەماهەنگییەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم و ئێران

ڕۆژی چوارشەممە، 25ی حوزەیرانی 2025، دوای هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، پەرلەمانی وڵاتەکە بە زۆرینەی دەنگ، پرۆژەیاسای کۆتاییهێنان بە هەماهەنگییەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم پەسەند کرد.

هەروەها پێشتر ڕۆژنامەی 'کەیهان'ی نزیک لە ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕاپۆرتێکی بڵاو کردبووەوە کە تێیدا ڕافایل گرۆسی، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بە سیخوڕی بۆ ئیسرائیل تۆمەتبار کردبوو و داوای دەستگیرکردن و دادگاییکردنی کردبوو.

چوارشەممەی ڕابردوو 27ـی ئابی 2025، ڕافایێل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم (IAEA)، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی هەواڵی 'فۆکس نیوز'ـی ئەمەریکی ڕایگەیاند، یەکەم تیمی پشکنینیان گەیشتوونەتە ئێران بۆ سەردانیکردنی وێستگە ئەتۆمییەکان، ئەمەش دوای شەڕی 12 ڕۆژە.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment