ئیلام لەبەردەم قەیرانی وشکەساڵیدا

ئەمساڵ، پارێزگای ئیلام، یەکێک لە وشکترین قۆناغەکانی نیو سەدەی ڕابردووی خۆی تێ دەپەڕێنێت. کەمبوونەوەی بەرچاو و دابەشبوونی ناڕێکی باران و دابەزینی بەرچاوی سەرچاوە ئاوییەکان، کشتوکاڵ، ئاژەڵداری و سەرچاوە سروشتییەکانی ئەم پارێزگایەی ڕووبەڕووی ئاستەنگێکی بێوێنە کردووەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی ئێرنا، تێکڕای ڕێژەی باران بۆ ساڵی کشتوکاڵی(2024-2025) لە ئیلام، گەیشتووەتە 265.7 میلیمەتر، کە بە بەراورد بە تێکڕای 30 ساڵەی ڕابردوو %32 کەمی کردووە. ئەم بڕە، هەروەها بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ئاویی ڕابردوو (2023-2024) کە ڕێژەی بارانبارین 447.5 میلیمەتر بووە، %40.6 کەمی کردووە.
کەمبارانی، ئیلامی خستووەتە پێشەنگی ئەو پارێزگایانەی تووشی وشکەساڵییەکی سەخت بوونەتەوە، بە شێوەیەک کە ئێستا زۆرێک لە ناوچەکانی باشوور و ڕۆژاوای پارێزگاکە، بەتایبەتی دەشتاییەکان و ناوچە شاخاوییەکان، ڕووبەڕووی کێشەی جددیی کەمیی ئاو بوونەتەوە.
حەشمەت عەزیزان، سەرۆکی ڕێکخراوی جیهادی کشتوکاڵی ئیلام، لەم بارەیەوە گوتی: بە دڵنیاییەوە ساڵی کشتوکاڵی ئێستا یەکێک بووە لە وشکترین ساڵەکانی 50 ساڵی ڕابردووی ئیلام و ئەم بارودۆخە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر کەمبوونەوەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان داناوە.
عەزیزان، بە ئاماژەدان بە کەمبوونەوەی نزیکەی 30% بەرهەمی گەنم لە پارێزگاکەدا، گوتی: ئیلام کە لە ساڵانی ڕابردوودا لە بەرهەمهێنانی گەنمەشامی (کلزا) لە پلەی سێیەمی وڵاتدا بوو، بەهۆی وشکەساڵی و بەستەڵەکی سەختی مانگەکانی شوبات و ئاداری ئەمساڵ، بۆ پلەی چوارەمی وڵات دابەزیوە.
سەرۆکی ڕێکخراوی جیهادی کشتوکاڵی ئیلام، ڕایگەیاند "گۆڕینی شێوازی چاندن و پەرەپێدانی بەرهەمە کەمئاوییەکان هەنگاوێکی گرنگە بۆ بەرەنگاربوونەوەی وشکەساڵی؛ لەم بارەشەوە چاندنی دێم، پەرەپێدانی باخەکانی بەرگریی کەمئاوی و تەرکیزکردن لەسەر بەرهەمەکانی پێویستیی ئاوی کەمتر، بە جووتیاران ڕاسپێردراوە و لە هەندێک ناوچەش پشتگیریی دارایی دەکرێن."
وشکەساڵیی توند لە ئیلام, تەنیا کاریگەریی بەرچاوی لەسەر کەرتی کشتوکاڵ سەرچاوە سروشتییەکان دانەناوە، بەڵکو دارستانەکان و لەوەڕگەکان و ژینگەش بوونەتە قوربانی وشکەساڵی. ئەمە سەرباری دابەزینی ئاستی ئاوی ژێرزەوی، وشکبوونی ڕووبارەکان و کەمبوونەوەی شێی خاک لە زۆرێک لە ناوچەکان کە بووەتە هۆی تێکچوونی هاوسەنگیی ڕووەکی، سەرهەڵدانی دیاردەی بیابانبوون و هەڕەشە لە ژینگەی سروشتیی پارێزگاکە.
یاسم خانمحەممەدیان، بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوە سروشتییەکان و ئاودێریی ئیلام ڕایگەیاند "زۆرێک لە ناوچە پارێزراوەکان وەکوو قەڵاڕەنگ و مانشت، کەبیرکۆ، گەچان و دارستان و لەوەڕگەکانی پارێزگاکە. لەژێر هەڕەشەیەکی جددیدان."
خانمحەمەدیان گوتی: کەمبوونەوەی ڕووەک و وشکبوونی کانییە سروشتییەکان، ژیانی ڕووەک و گیانلەبەرە ڕەسەنەکانی لەم ناوچانەدا ڕووبەڕووی ئاستەنگ کردووەتەوە و لە وەڵامی ئەم بارودۆخەدا، سەرچاوە سروشتییەکانی پارێزگاکە چەند پلانێکی وەکوو پەرەپێدانی کشتوکاڵی پارێزەر، جێبەجێکردنی چالاکییەکانی ئاودێری، کۆنترۆڵکردنی داخورانی خاک و پاراستنی شێی زەوی بە هاوکاریی دەزگا پسپۆڕییەکان دەست پێ کردووە.
پارێزگای ئیلام لە ناوەڕاستی یەکێک لە جددیترین قەیرانە ژینگەیی و کشتوکاڵییەکانی خۆیدایە؛ قەیرانێک کە نەک تەنیا هەڕەشە لە بژێویی هەزاران ماڵباتی جووتیار و ئاژەڵدار دەکات، بەڵکوو ژیانی سەرچاوە سرووشتییەکان و هاوسەنگیی ژینگەی ناوچەکەش دەخاتە مەترسییەوە.
ڕووبەری گشتیی زەوییە کشتوکاڵییەکانی پارێزگاکە 330 هەزار هەکتارە کە لەم نێوەندەدا 98 هەزار هەکتار زەوی ئاویی کارا (خاوەنی سیستەمەکانی ئاودێریی نوێ) و 5 هەزار و 800 هەکتار باخ و ئەوانی دیکەش زەویی کشتوکاڵی دێمن.
شارەزایانی کشتوکاڵی و سەرچاوە سروشتییەکان پێیانوایە، بۆ تێپەڕاندنی بەردەوامی قەیرانەکانی هاوشێوە، پێویستە تێڕوانینی نیشتمانی بۆ شێوازی بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەکانی وڵات بگۆڕدرێت. بەڵام هێشتا پلانی تۆکمەو خێرا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو مەترسیانە و پاراستنی کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکانی ئیلام، دەستی پێ نەکردووە، ئەمەش بێگومان، کاریگەرییە وێرانکەرەکانی ئەم قەیرانە زیاتر و خێراتر دەکات.